چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵ دوپاتدەکاتەوە

شەوی ڕابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی کاروباری عێراق و نێودەوڵەتی.

بەپێی بەیاننامەیەکی چوارچێوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی ئەمنی و ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی سەقامگیری و ڕێگریکردن لە هەر هێرشێکی تیرۆریستی کراوە، هەروەها سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان خستنەڕووی گشتگیریان سەبارەت بەو ڕێوشوێنانە کرد کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە گیراونەتەبەر. 

هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە سەرکۆماری کۆماری عێراق دەکات "سزای لە سێدارەدان بەسەر تاوانباران کە خوێنی عێراقیان ڕژاند" پەسەند بکات.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی خۆی بۆ ئەو ڕێوشوێنانە دووپات کردەوە کە حکومەت گرتوویانەتەبەر بە مەبەستی پێشخستنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان لە وڵاتدا. 

چوارچێوەی هەماهەنگی داواش دەکات، لە وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەماندا یاسای هەڵبژاردن، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، دەرکردنی یاسای نەوت و غاز و پڕۆژە یاسای بوودجە کاری لەپێشینە بن و جەخت لەسەر گرنگی یەکلاکردنەوەی لیژنەکانی پەرلەمانیش کرایەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە تەواوی ڕۆڵی چاودێری و یاسادانانی خۆیان بەڕێوەببەن.


AM:10:16:05/01/2023