براکانی ئەو گەنجە کوژراوە دەستگیراکرا کە دووبرای ترشیان پێشتر کوژرابوون


لەسەر کوشتنی ئەو گەنجەی رۆژی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە رێگای سلێمانی – قەرەداغ تەرمەکەی دۆزرایەوە کە پێشتریش دووبرای تری کوژرابوون، دوو برای دەستگیرکراون و هەوڵیش دەدرێت برایەکی دیکەشیان دەستگیربکرێت کە لە هەولێر پلەی سەربازی هەیە. 

لە راگەیەندراوێکیدا، کە ئەمڕۆ پێنج شەممە ٥ی کانوونی دووەم پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، هاتووە"رۆژی‌ ٣/١/٢٠٢٣ تەرمی‌ هاوڵاتییەك لەڕێگای‌ سلێمانی‌ - قەرەداغ دۆزرایەوە، كە دوای‌ ڕەوانەكردنی‌ بۆ پزیشكی‌ دادوەریی دەركەوت كەسەكە خنكێنراوە، هێزەكانی‌ پۆلیس لێكۆڵنەوەكانی‌ بۆ دۆزینەوە و ئەنجامدەری‌ تاوانەكە دەستپێكرد".

ئاماژە بەوەشدراوە، کە ڕۆژی ٢٣/١٢/٢٠٢٢ هاوسەری‌ كوژراوەكە، هەواڵی دیارنەمانی هاوسەرەكەی گەیاندبووە، بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچرا و سكاڵای‌ یاسایی لەسەر سێ برای‌ هاوسەرەكەی‌ تۆماركردبوو.

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستۆتەڕوو  "دادوەر بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ تۆمەتباران دەركرد، هێزەكانی‌ پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد و توانرا دوو برای كوژراوەكە دەستگیربكەن‌ و لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، هەروەها هێزەكانی‌ پۆلیس لە هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی‌ براكەی‌ دیكەیان، كە پلەدارێكی سەربازیە و لە هەولێر نیشتەجێیە".
لەبارەی پێشینەی رووداوەکانی ئەو خێزانەوە، پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە ساڵی‌ ١٩٩٥ دا باوكیان بەناوی (ل، ح) لە گوندی‌ كانی خاكی‌ سەر بەناحیەی‌ سەنگاو كوژراوە، هەروەها رۆژی‌ ١٤/٦/٢٠١٤ لەسەر رێگای عەربەت - سلێمانی تەرمی دوو برای‌ دیكەی‌ به‌كوژراوی‌ دۆزرانه‌وه‌.



PM:02:41:05/01/2023