خەڵكی پێنجوێن هەڕەشەی خۆپیشاندان دەكەن


خەڵكی قەزای پێنجوێن بەهۆی كێشەی كارەباوە و "كەمتەرخەمی بەرپرسان"ی ناوچەكەیانەوە، هەڕەشەی خۆپیشاندان دەكەن.
 
خەڵكی قەزای پێنجوێن لە یاداشتێكدا بۆ دامودەزگاحكومییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان رایانگەیاندووە، وەك دەزانن زیاتر لە هەشت ساڵە قەزای پێنجوێن، لە هەموو ڕوویەكەوە، بە تایبەت لە ڕووی (خزمەتگوزاریی گشتی و سەرەتایی) پەراوێز خراوە.

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە، تا ئێستاش خەڵك بەگشتی نەرمی نواندووە و وەك پێویست داوای كۆی مافەكانی خۆی نەكردووە، بەڵام چیتر ئەو بێدەنگییە دەشكێنن، چونكە لەماوەی ئەم هەشت ساڵەدا دەرفەتی زۆر بە دەسەڵات درا بۆ خزمەتگوزارییە ژیانی و ژینگەیی و پێداویستییەكانی خەڵكی هێز و دەسەڵاتی ئیداریی و حكومی خۆتان بخەنە گەڕ، بەڵام بەداخەوە نەك هیچتان نەكرد كە پێتان دەكرا!! بەڵكو زۆرجاریش بچووكترین كێشەی ئەم قەزایەتان پێ چارەسەر نەكراوە.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەم شارە لەڕووی (كارەبا، شارەوانی، ئاو، كشتوكاڵ، ژینگە و دارستان، هاتوچۆ و لەسەروو هەموویەوە یەكەی ئیداری شارەكە!) گرفتی زۆر گەورەی هەیە، كەمتەرخەمی تا سەر ئێسقان دایڕزاندوون!.

لە كۆتاییدا وتویانە "جا ئەگەر ئێوە خۆتان بە دڵسۆز و بەرپرسیار دەزانن، وەك دواین دەرفەت تا ڕۆژی (سێشەممە ١٠ی١) بە دامودەزگاكانی قەزای پێنجوێن و سەرجەم ئەوانی دیكە و لایەنە حیزبییەكانیش پێكەوە ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن، ئەگەرنا (دەست لەكاركێشانەوەی ئێوە) لەپاڵ چاككردنی كارەبا دەكەینە داواكاری سەرەكی لە خۆپیشاندانێكی جدی و جەماوەری گەورەدا لە (ڕۆژی چوارشەممە)ی ئەم هەفتەیەدا". 



PM:09:47:07/01/2023