لەبارەی دابەشکردنی خۆراکەوە ڕوونکردنەوە دەدرێت

بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" دوای دەرچوونی ئەنجامەكان بەشە خۆراكی مانگی یەكی هاوڵاتییان دابەشدەکرێت". 

نەوزاد كامیل بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ڕايگەیاند" زۆربەی كەلوپەلەكانی یەكەم بەشەخۆراكی هاوڵاتییان بۆ ئەمساڵ هاتووە، هەر کاتێک ئەنجامی پشكنینی تەندروستییان تەواو بوو دابەشدەكرێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتی زیادبوونی بەشەخۆراك تا ئێستا یەكلای نەکراوەتەوە هەموو خەڵك دەگرێتەوە یان تەنیا بۆ چاودێری كۆمەڵایەتییە، هەروەها ئەو بەشەخۆراكانەی بۆ ئەم مانگە هاتووە، هێشتا هیچ خۆراكێكی زیادكراوی تێدا نییە. 

بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان پێکهاتووە له (شەکر، زەیت، دۆشاوی ته‌ماتە، فاسۆلیا، لەتکەنۆک، برنج و ئارد)،ساڵی ڕابردووش لە هەرێمی كوردستان (١١) بەشە خۆراک و پێنج بەشە ئارد دابەشكراوە. 


PM:02:05:11/01/2023