"بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، جەنگێكە لە حكومەتی عێراق گەورەترە"


پەرلەمانتارێكی شیعە رایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزاندنی بەهای دینار جەنگێكە لە ئیرادەی حكومەتی عێراق گەورەترە.

عەلی زوبەیدی، پەرەمانتاری فراكسیۆنی فەتح لە پەرلەمانی عێراق رایەیاندوە، حكومەت بەشێك لە بەرپرسیاریەتی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار هەڵدەگرێت، بەتایبەت كە لەئێستادا جەنگێك بەرپاكراوە و لە حكومەتی فیدڕاڵیش گەورەترە و پەیوەستە بە نرخی دۆلارەوە.

زوبەیدی روونیكردۆتەوە، جوڵەكانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران لەدەرەوەی ئەو بازنەیەیە كە ئەمریكا خواستییەتی، بەتایبەت واژۆكردنی رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیای سیمنزی ئەڵمانی بۆ پڕۆژەی تازەی كارەبا و گەشەپێدانی وزە، واشنتنی توڕە كردوە و دەیەوێت دژی عێراق، دۆلار وەك كارتێكی فشار بەكاربهێنێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەداوە، هەرچەندە حكومەت پلانی خۆی داڕشتوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەهای دۆلار، بەڵام ئەوەی ئێستا رودەدات لە بەرزبونەوەی نائاسایی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، جەنگێكە كە لە حكومەتیش گەورەترە.



AM:10:16:20/01/2023