دوای شەڕی پەرلەمانتاران، شەڕی جەنەراڵەکانی پارتی و یەکێتی دەستیپێکرد

ئەمرۆ بەرپرسێکی پارتی دەڵێت مەخمور ئێمە رزگارمان کرد، بەرپرسی دژە تیرۆری یەکێتیش دەڵێت" ئـێمە لەکاتی چۆڵکردنی مەخمور لەوێ نەبووین، بەڵام لەکاتی راگارکردنی لەوێ بووین".
بە درێژایی دوو هەفتەی رابردوو لەم هەلومەرجە ناسکەدا پەرلەمانتاران‌و میدیاکاری یەکتری وەک شەڕی ناوخۆ بەربوونە یەکتری، ئەوان تەواوبوون، سەرچاوەیەکی بەرپرس دەلێت " ئەمەی نەجات عەلی و لاهۆری شێخ جەنگی درێژکراوەی هەمان جەنگە، بەڵام ئەم جارە جەنەراڵەکان دەیکەن".
سەرچاوە بەرپرسەکە بە سپی میدیای راگەیاند کە پارتی و یەکێتی لەم هەلومەرجە ناسکەشدا هست بەبەرپرسیارێتی ناکەن و هەر رۆژەو دەستەیەکیان شەڕ بەیەک دەفرۆشن.
ئەو سەرچاوەیە وتی " هەر لە تاڵانکردنی سوپای عێراقەوە لەناوچە جێناکۆکەکان  کە کێبەرکێی توندی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر غەنیمەی سوپای عێراق روویدا، تا هەفتەی رابردوو کە جارێکی تر پەرلەمانتاران و میدیاکارانی هەردوو حیزب بەیەکیان کرد، ئەوانیش تەواو بوون وا ئێستا ئەمرۆ جەنەرەڵەکانی حیزب بەیەکی دەکەن".
ئەو سەرچاوە بەرپرسە وتی کاتێک کە لە شنگالەوە پێشمەرگە شکا تا دەگاتە جەلەولا کەس خۆی نەدەکرد بە خاوەنی شکستەکان، بەڵام ئێستا کە بەپاڵشتی فرۆکەکانی ئەمەریکاو بە تۆپخانەی ئێران پێشمەرگەی هەردوولا شەڕی داعش دەکەن و سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، هەموویان خۆیان دەکەن بە خاوەنی ئەو سەرکەوتنەو دەیکەن بە دەستکەوتی حیزبی".
سەرچاوەکەی سپی لەوە دوورتر رۆشت وتی" بە موڵکی گشتی و بەخوێنی رۆڵەی هەژاری کوردستان، پارتی و یەکێتی شەڕی حیزبی پێدەکەن".
لێدوانەکەی نەجات عەلی:
نەجات عەلی بەرپرسی میحوەری مەخمور و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لەسەر ئازادکردنی مەخمور لەماڵپەری رەسمی پارتی دا وتی" ڕەنگە هێز هەبوون، لە دوای ئەوانەوە یاخوود لابەلا وردە تەقەیەکیان کردبێ، ئەگینا لە دەرەوەی هەڵمەتی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ئێمەدا ڕۆڵیان نەبووە".
هەروەها نەجات عەلی دەڵێ "بەوپێیەی من بەرپرسی میحوەری مەخموور بووم، ڕەتی دەکەمەوە جیا لە هێزەکانی یەکەی 47، فەوجی یەک، لیوای دە، هێزی پشتیوانی، پاسەوانە تایبەتەکانی (سەرۆک بارزانی) و (نێچێرڤان بارزانی)، هیچ هێزێکی دیکە لەو پلانەی گرتنەوەی ئەو ناوچانەدا بەشدار بووبێتن و ئەوەی دەگوترێ موزایەدەی سیاسییە."
دەربارەی هەبوونی هێزی دیکەیش لەو ناوچەیە، ئەو ئەگەرچی ڕەتی نەکردەوە کە هێزی دیکە هەبووبن، گوتی، "ڕەنگە لە دوای هێزەکانی ئێمەوە و لە دەرەوەی بەرپاکردنی هەڵمەتی ئێمە و ڕزگارکردنی ناوچەکە، دواتر هێزی تر هاتبن و بۆ مێدیاکان قسەیان کردبێ و وەها وێنایان کردبێ کە ڕۆڵیان هەبووە، بەڵام ئەمە شێواندنی ڕاستییەکانە."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی و بەرپرسی میحوەری مەخموور ددانی نا بەوەی کە ئەوان لەو میحوەرە کەموڕییان هەبووە، گوتیشی "بەڵام پاش ڕاسپاردەی (سەرۆک بارزانی) و خۆڕێکخستنەوە و دانانی پلانی نوێ بە بەرەنگاربوونەوە و وەدەرنانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەو شوێنانەی کە دەستیان بەسەردا گرتبوون، ناوچەکانمان لێ پاک کردنەوە و زەبری کوشندەمان لێ دان و زیانی زۆریان بەرکەوت." 
لاهوری شێخ جەنگی:     
 لاھور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری هەرێمیش لەڕێگەی SNN یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە وەڵامی نەجات عەلی بەرپرسی میحوەری مەخمور کە سەر بەپارتییە، دەداتەوەو دەڵێت" بەڵێ لەکاتی چۆڵکردنی مەخمور لەوێ نەبووین، بەڵام بۆ ئازادکردنی بەشداربووین".
هەروەها دەڵیت " جوڵەکردنی ھێزەکانی دژە تیرۆر لەسلێمانییەوە بۆ ھەولێر لەکاتی کۆنترۆڵکردنی مەخمور لەسەر داواکاری سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بووە".



PM:09:54:28/08/2014