"مانگی داهاتوو لە ڕۆژە پشووەكانیش بەردەوامی بە دابەشكردنی مووچە دەدرێت"

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" لە مانگی داهاتوودا وێرای پشووەكان، پرۆسەی دابەشكردنی مووچە بەردەوامی دەبێت". 

جووتیار عادل وته‌بێژی فەرمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا دەربارەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە لە مانگی داهاتوودا کە زۆربەی ڕۆژەکان پشووی فەرمییە لەو مانگەدا ڕایگەیاند" پێشتر زۆرجار لە رۆژانی پشوو مووچەمان دابەش كردووە، بۆیە بۆ مووچەی مانگی داهاتووش كێشە نییە و لە رۆژانی پشووش مووچە دابەش دەكرێت".

وتیشی" بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی فەرمانبەران و مووچەخۆران مووچەی خۆیان وەردەگرن". 

دەربارەی چوونی شاندێکی هەرێم بۆ بەغداد جوتیار عادل ئاماژەی بەوەکرد" ئەمڕۆ شاندێکی یاسایی حکومەتی هەرێم گەیشتوەتە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی نەوت کۆدەبێتەوە، هەروەها شاندێکی دیکەش بە مەبەستی گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە". 

هەروەها جوتیار عادل لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕەتیکردەوە کە میدیا ناوخۆییەکانی عێراق ماوەی (٥٠) ساڵە لەبارەی فرۆشتنی نەوتەوە بڵاوی دەکەنەوە و ڕایگەیاند" پێشتر لە چەند بۆنەیەکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەی لەسەر ئەم بابەتە کردووە، ئێمەش قسەمان کرد، نەوت بە تورکیا نەفرۆشین، بەڵکو ڕێککەوتنێکمان لەگەڵیدا ئەنجامداوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە".

لە درێژەی قسەکانیدا جوتیار دەپرسێت، کێ دەڵێت (٥٠) ساڵی دیکە نەوتی هەرێمی کوردستان دەمێنێت؟ و ئاماژەی بەوەشدا" پێشتر بەرهەم هێنانی نەوتمان هەبوو، بەڵام هەناردە نەبوو لە ٢٠١٤ دەستییان بە هەناردە کرد و بەهۆی فشاری بەغداد و بڕینی بودجە بە ناچاری نەوتمان هەناردە کرد". 


PM:03:07:23/02/2023