نێچیرڤان بارزانی: ده‌وڵه‌مه‌ندى عێراق بۆ پێشخستنى وڵات و خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتییان بقۆزینه‌وه

نێچیرڤان بارزانى له‌ ساڵیادی ١١ی ئازار ڕایدەگەیەنێت" ده‌وڵه‌مه‌ندى و توانا ماددى و مرۆیییه‌كانى عێراق بۆ پێشخستنى وڵات و خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتییان بقۆزینه‌وه‌".

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ په‌یامێكدا له‌ یادى ڕێككه‌وتننامه‌ى ١١ى ئازار، رایگه‌یاند" ئه‌مڕۆ له‌ یادى ٥٣هه‌مین ساڵه‌یدا، به‌ شكۆوه‌ رێككه‌وتنامه‌ى ١١ى ئازار له‌و دۆخ و هاوكێشه‌‌ سه‌خت و ئاڵۆزه‌ ناوچه‌ی و نێوده‌وڵه‌تییانه‌‌ى ئه‌وسادا، سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌ و گرنگترین به‌ڵگه‌نامه‌ى فه‌رمی دانپێدانراوه كه‌ به‌شێك له‌ مافه‌كانى گه‌لى كوردستانى ناساند و ڕه‌وایه‌تی دۆزه‌كه‌ى به‌ جیهان گه‌یاند". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌" رێككه‌وتننامه‌ى ١١ى ئازار، چاره‌سه‌رێكى نمونه‌یى بو كه‌ ده‌یتوانى عێراق و گه‌له‌كه‌ى به‌ ته‌واوى به‌ره‌و چاره‌نوسێكى گه‌شتر ببات و بیكاته‌ یه‌كێك له‌ وڵاتانى پێشكه‌وتوى ناوچه‌كه‌ و جیهان، به‌ڵام په‌شیمانبونه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق و هه‌ڵبژاردنى لۆژیكى هێز له‌ جیاتى هێزى لۆژیك، له‌ شه‌ڕ و مه‌ینه‌تى و دواكه‌وتن و به‌فیڕۆدانى سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كانى وڵات زیاتر، هیچى دیكه‌ى بۆ عێراق نه‌هێنا، تا ئێستاش عێراق هه‌ر باجى ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ ده‌دات". 

نێچیرڤان بارزانى داوا له‌ هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ عێراقى و كوردستانییه‌كان ده‌كات كه‌ په‌ند و وانه‌ له‌و مێژوه‌ وه‌رگرن و هه‌موویان سود له‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو ببینین، ده‌وڵه‌مه‌ندى و توانا ماددى و مرۆیییه‌كانى عێراق بۆ پێشخستنى وڵات و خۆشگوزه‌رانى هاوڵاتییان بقۆزنەوە. 

هه‌روه‌ها داواش ده‌كات، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و مافى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق و سیستمى فیدراڵى و سه‌روه‌رى و ئارامى و سه‌قامگیری وڵات بپارێزن. 


AM:10:24:11/03/2023