ئەمڕۆ شاندێکی باڵای هەرێم سەبارەت بە یاسای نەوت و گاز سەردانی بەغداد دەکەن

وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" شاندێکی هەرێم بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی ئەمڕۆ سەردانی بەغداد دەکەن". 

جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکرا) ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند" ئەمڕۆ شاندێکی باڵای هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاساى نەوت و گازی فیدراڵی، سەردانی بەغدا دەکەن، شاندەکە لە وەزیرى داد و سەرۆکی فەرمانگەى هەماهەنگی و بەدواداچون و ستافی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کەسانی شارەزا لە وەزارەتی داد پێکدێن". 

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ کۆبوونەوەکان لەسەر ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز دەست پێدەکەن، کە یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا یەکلایی بکرێنەوە. 

ئاماژەی بەوەشکرد" ئەم یاسایە زۆرێک لە کێشەکان بە گشتی چارەسەر دەکات، کێشەکانی کەرتی نەوت لە عێراق، جگە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها بۆ هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی سەرەکی بێت لە بڕیارەکانی پەیوەست بە پیشەسازی نەوت بە شێوەیەکی کاریگەر". 

جوتیار عادل لەبارەی دەنگۆی ناردنی ٤٠٠ ملیارەكە وتی" بابه‌تی ناردنی ٤٠٠ ملیاره‌كه‌ش گرفتێكی گه‌وره‌ی له‌ به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ و بەم نزیكانه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دەنێردرێت". 


PM:02:35:12/03/2023