ئەدهەم بارزانی داوای بەپەلە ئازادكردنی بەرپرسی پاسەوانەكانی دەكات


ئەدهەم بارزانی، سەركردەی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان داوا دەكات بەزووترین كات بەرپرسی پاسەوانەكانی ئازاد بكرێت.

ئەدهەم بارزانی، ئەندامی پێشووی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئامۆزای مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، وەك ماوەیەك پێش ئێستا ڕای گشتییان ئاگادار كردەوە  كە برا و هاورێی سی ساڵەی و بەرپرسی پاسەوانەكانی، فەرید عەبدولعەزیز بازی كە بۆ ماوی ١٣٥ رۆژ لە زیندانەكانی دەسەڵاتی هەولێردایە  تەنها و تەنها تاوانی ئەوەیە كە دۆستی ئەونە و هەرچەند رۆژ جارێك لەلایەن (د) ناوێك ئاگادار دەكرێتەوەكە ئەگەر واز لەو پەیوەندیانەی لەگەڵ ئەدهەم بارزانی بێنێت، هەر ئێستا  ئازاد دەكرێت و  پلە و پۆستیشت پێ دەبەخشین.

ئەدهەم بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە هیچ دوژمنایەتی و كێشەی شەخسیمان لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێكدا نەبووە و نییە تەنها و تەنها خاوەنی هەڵوێستە تایبەتی و نیشتیمانپەروەریەكانی خۆم دەبم و بووم".

هەروەها وتویەتی "ئەمە لەكاتێكدایە كە لەپێناو هەڵوێستەكانم ماوەی ٢٩٤ رۆژە گەڕانەوەی من بۆ زێدی باوباپیرانم و خاكی نیشتمان و  ناو هاوڵاتیانی خۆم و ماڵ و مناڵەكانم لێ قەدەغە كراوە، ئای ئەمەیە دەسەڵاتداری و ئازادی و دیموكراسی و رێزگرتن لە مافی  نیشتەجێبوونی هەر مروڤێك كە بەپێی دەستور بۆ هەموو هاوڵاتیانی دەستەبەر كردووە". 

ئەدهەم بارزانی دەڵێت "داوای ئازادی بێ مەرجی بەپەلە بۆ فەرماندە فەرید عەبدولعەزیز بازی و سەرجەم بەناحەق زیندانیكراوان دەخوازم و رێز گرتن لە كەرامەت و شكۆی هەموو چین و توێژ و بیرو باوەڕە جیاوازەكان و نەتەوە و ئاینزاكان دەكەم".




PM:11:46:26/03/2023