"پەناخوازێکی کورد دوای ئەوەی لە تورکیا دیپۆرتی سووریا کراوە گیانی لە مەترسیدایە"

پەناخوازێکی کورد و خەڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاش ئەوەی کە لە وڵاتی تورکیا دیپۆرتی وڵاتی سووریا کراوە، گیانی لە مەترسیدایە.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ناسر سەیدی، تەمەن ٤٠ ساڵ، چالاکی سیاسی و خەڵکی شاری بۆکان، پاش ئەوەی کە لە وڵاتی تورکیا بۆ شاری (ئەغزاز)ی پارێزگای حەلەبی سووریا دیپۆرتی کراوە، چارەنووسی ناڕوونە و بەهۆی دۆخی نائەمنی ئەو ناوچەیە گیانی ناوبراو لە مەترسیدایە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو پەناخوازە کوردە سێ هەفتە پێش ئێستا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی تورکیاوە ڕەوانەی شاری ئەغزاز کراوە و بەهۆی چالاکی "گرووپە توندڕەوەکان" لەو ناوچەیە، ئەگەری نیشتەجێبوونی لەو ناوچەیە یان گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان یان گرتنەبەری ڕێگەکەی پێشووتری نییە.

ناسر سەیدی، سێ مانگ پێش ئێستا هەوڵی داوە خۆی بگەیەنێتە ئەورووپا و لە وڵاتێکی ئەورووپیدا نیشتەجێ ببێت کە لەلایەن هێزەکانی سنوور پارێزی وڵاتی بولگاریا دەستگیرکراوە و ڕادەستی هیزەکانی سنوور پارێزی تورکیا کراوە.

ناوبراو پاش دوو مانگ بەندکردن لە سێ بەندیخانەی تورکیا، لە کۆتاییدا لەلاین هێزەکانی ئەو وڵاتەوە دیپۆرتی سووریا کراوە و لەئێستادا لە شوێنێکی نائەمندایە.

ناسر سەیدی پێشتر لە هەرێمی کوردستان ئەندامی حیزبێکی کوردستانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی ئێران بووە و ساڵی ٢٠١٥ لە ڕێگەی تورکیاوە هەوڵیدا خۆی بگەیەنێتە ئەورووپا.


AM:10:09:28/03/2023