"کۆمسیۆن چاوبەست لە خەڵک و لایەنەکانی دیکە دەکات"

ئەمڕۆ چوارشەممە وادەی خۆپاڵاوتن بۆ کاندیدانی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دیارییکرا، لە کاتێکدا کە حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاریان داوە ئەو کۆمسیۆنە بمێنێتەوە و تەنها دوو کەس شوێنەکانیان بەتاڵە. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی میدیا)، ئەمڕۆ 
لیـژنەی وەرگرتنی سیڤی کاندیدانی کۆمیسیۆن کۆبووەوە و بریاڕیدا رۆژی ٥ی نیسان تا ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ کاندیدانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بکاتەوە، ماڵپەڕی (سپی میدیا) بەدواداچوونی کردووە کە حزبەکان بەتایبەتی حزبەکانی دەسەڵات ڕێککەوتوون لەسەر ئەو نۆ ئەندامەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم کە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە. 

سەرچاوەیەکیش بە سپی راگەیاند" ئەمە چاوبەستەو لە خەڵک دەکرێت".

ماڵپەڕی (سپی میدیا) زانیویەتی، ئەو ڕیکلامەی ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە تەنها بۆ دوو پۆست کراوە کە ئەو دوو پۆستە یەکێکیان کۆچی دوایی کردووە و ئەوی دیکەشیان جوتیار عادل کە لە ئێستادا وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. 

بەپێی زانیارییەکان، ئەم دوو پۆستە تەنها دوو بۆ پۆستی پارتی دیموکراتی کوردستانە، هەر بۆیە ئەو کەسانەی وەردەگیرێن هەر پارتی دەبن ئەگەر سیڤی پێشکەش بکەن. 

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سپی میدیا)ی ڕاگەیاند" ئەو ڕاگەیاندنە تەنها چاوبەستێکە لە هاوڵاتییان و لایەنە سیاسییەکانی دیکە، هەروەها ئەم کۆمیسیۆنە تەمەنی تا مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٤ درێژکراوەتە، هەروەک هاوشێوەی حکومەت کە چۆن ماوەی خۆی درێژکردەوە". 


PM:05:03:29/03/2023