دوای راگرتنی گەشتە ئاسمانیەكان بۆ سلێمانی، هۆشداری لە خراپی دۆخی بازرگانی دەدرێت


سەرۆكی  ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیەكانی توركیا لەگەڵ سلێمانی‌‌ كاریگەری نەخوازراوی دەبێت لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
  
سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی‌ و پیشەسازی سلێمانی بە (سپی) راگەیاند، بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیەكانی وڵاتی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی ‌و رێگەنەدان بەفڕینی هێڵەكانی گواستنەوەی گەشتیاران‌و فڕۆكەی هێڵە ئاسمانیەكانی وڵاتانی دیكە بەسەر ئاسمانی وڵاتی توركیادا بۆ گەشتن بەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، كاریگەریی خراپی بۆ سەر كەرتی بازرگانی دروستكردووەو ئاڵوگۆڕی بازرگانی خاو كردوەتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، بازرگانانی شاری سلێمانی كۆمەڵێك وەكالەتی خۆراكی ‌و پیشەسازیان لەبازرگانانی وڵاتی توركیا وەرگرتووەو كاری هاوبەشی زۆریان هەیەو لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە بەشێك لەو خۆراك‌و پێداویستیانە دەگەن‌و بەسەر تەواوی عێراقدا دابەش دەكرێتەوە.

سیروان محەمەد روونیكردەوە "پێمانوایە بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانیەكانی توركیا بۆ سلێمانی وادەكات گەشتكردنی بازرگانان قورس بێت، هاوكات بەشێك لەو خۆراك‌و كاڵاو پێداویستیانەی كە لەڕێگەی كارگۆوە دێتە سلێمانی، بەر لەگەیشتنیان لەوڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكاو كەنەداوە دێنە وڵاتی توركیا پاشان دەگوازرێنەوە بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی".

سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی وتی "بۆیە دڵنیاین بڕیاری داخستنی ئاسمانی توركیا بەڕووی گەشتە ئاسمانیەكاندا بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، كاریگەری لەسەر تەواوی سێكتەرەكان دروستكردووەو لەڕووی بازرگانییەوە زیان بەهەموو لایەك دەگەیەنێت‌و خاوبوونەوەی ئاڵوگۆڕی كاڵاو كاری بازرگانی لێدەكەوێتەوە".



PM:04:55:08/04/2023