زانیاری‌ نوێ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنەوەی باران بارین و نزمبوونه‌وه‌ی‌ پله‌كانی‌ گه‌رما راگه‌یەندرا

بە‌ڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی كوردستان پێشبینییەكانی كەشوهەوای ناوچە جیاجیاکانی بڵاوكردەوە و دەڵێت"  ئاسمانی ناوچەكانی هەرێم هەوری تەواو دەبێت".

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە بەگشتی ئاسمان هەورى تەواو دەبێتم بەڵام هەندێ کات دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور لەگەڵ بارینى کەمێک نمە باران لە ناوچە سنوریەکانى پارێزگاى دهۆک و بوونی تۆزێکی سووک لە ناوچەکانى ناوەڕاستى هەرێم، هەروەها پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی نزمتر دەبنەوە و خێراى با (١٠ – ١٥)کم دەبێت بە ئاراستەی باکورى خۆرئاوا و مەوداى بینین (٨ - ١٠)کم دەبێت. 

کەشناسی هەرێم دەربارەی کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە ئاماژە بەوە دەکات، ئاسمان هەورى تەواو دەبێت لەگەڵ بارینى نمە باران لە ناوچەکانى پارێزگاى دهۆک وە لە دواینیوەڕۆ و ئەگەرى باران بارین زیاد دەکات کە هەندێ ناوچەى دیکەش دەگرێتەوە وەکو ناوچە شاخاوییەکانى هەولێر و کەمێک نمە باران لە سەنتەرى شاریش هەیە و کەمێک هەورە بروسکەشى لەگەڵ دەبێت، بەڵام لە سلێمانى و  ناوچە شاخاوییەکانى و ناوچەکانى گەرمیان و کەرکوک تەنها هەور دەبێت پێشبینى باران بارین نیە. 

ئەوەشی خستەڕوو، پلەکانی گەرما یەک تا دوو پلەی سیلیزی لە سەرجەم ناوچەکانى هەرێم بێجگە لە پارێزگاى دهۆک کە پلەکانى گەرما زیاتر دادەبەزێت لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ بەرزدەبنەوە و خێراى با (١٥ – ٢٥)کم دەبێت بە ئاراستەی باشورى خۆرئاوا و مەوداى بینین (٧ - ٨)کمە. 


AM:11:07:09/04/2023