بەرگری شارستانی سلێمانی لەبارەی باران بارین و هەورە بروسکەوە ژمارەیەک رێنمایی بڵاوکردەوە

بەپێی پێشبینییەکانی شارەزایانی بواری کەشناسی بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شەپۆلێکی بەهێزی نوێی بارانبارین ڕوو لە هەرێم و بەرگری شارستانی سلێمانیش بۆ ئەو مەبەستە ژمارەیەک رێنمایی بڵاوکردەوە.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت" بەپشتبەستن بەو پێشبینیە زانستیەی لەلایەن بەڕێوه‌بەرایەتی کەشناسی‌ و بومەلەرزەزانی سلێمانی کە هۆشداریداوە لەبارەی شەپۆلێکی بارانبارینی بەلێزمە و بوونی هەورە تریشقە لە رۆژانی داهاتوودا، سەرجەم تیمەکانمان لە ئامادەباشی پێشوەختەدان بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو".

هەروەها بەرگری شارستانی سلێمانی لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەدا داوا لە هاوڵاتییان دەکات کە لە ئەگەری هەر بارانبارینێکی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو پەیڕەوی ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە بکەن:

– پێوستە هەموو ماڵێک بۆری ئاوەڕۆی  موڕەجەعی بۆ دابنێت لە دەرەوەی ماڵی خۆی، تا لە کاتی پڕبـوونی مەنهۆڵی گەڕەکدا نەگەڕێتەوە ناو خانووەکەی.

–  ئەو ماڵانەی گەراجی دفن یا نهۆمێکی خانووەکەیان چاڵە لە ئاستی جادەوە پێویستە حەوزێکی مەتر چوارگۆشە دروستبکات و موزەخەی تایبەتی ئاو سەحبکردن دابنێت لەناویدا بە حەرەسی زیرەکەوە، هەرکات ئاو هاتە ژوورەوە ئۆتۆماتیکی  خۆی بکەوێتە کار نەهێڵێت ئاو گـــل بێتەوە.

– پاکردنەوەی مەنهۆڵی ناو ماڵ لە زیخ و بەرد قوڕ و  پیسی، لابردنی سەر گونجەکان لە سەربان و حەوشە تاکو ئاو بە رێژەیەکی زیاتر بڕوات.

– پاککردنەوەی سەربان و حەوشە لە گەڵا و عەلاگە و مەقابا تا لە کاتی باران بارین دا نەچنە بەردەم مەنهۆڵ و گونجەکان.

– ئەو ماڵانەی لە گەڕەکی لاوەکی دان ئاوی شەقامێکی سەرەکی دێتەوە سەری ،پێویستە رێڕەوی ئاوەکە بگۆڕن بۆجێگەیەکی گونجاوتر لە رێگەی فـــەردە لــــم ، یان تاسە دانان بە کۆنکرێت ئاستی بەرزی و نزمی تاسەکە  لە ژێر چاودێری یاساکانی هاتووچۆدا .

–  کوژانەوەی سەرچاوەی کارەبا لەو جێگەیەی ئاوی تێدا کۆبووەتەوە و ئەندامانی خێزانەکە قاچیان لە ناویدایە و خەریکی دەرهێنانی ئاوەکەن، چونکە مەترسیدارترین رووداو ئەوەیە ئاو بگاتە ئاستی سویچ پلاک و کارەبا بچێتە سەر ئاوەکە.

– ئەو ماڵانەی ساڵانە دووچاری هاتنە ژوورەوەی لافاو دەبن و هیچ ئامادە سازیەکیشیان لەم رێنماییانە نەکردووە بۆ خۆپاراستن، پێویستە کەلوپەلی کارەبای و بەنرخ ئاڵتون و پارە لە جێگەی نزمدا دانەنێن، تاکو گەر رووداوەکەش ووویدا زەرەروو زیان کەمتر بێت

– گەر هیچت پێ نەکرا باشترین  شت ئەوەیە بێیتە دەرەوە، بچیتە جێگەیەکی سەلامەت.


PM:12:23:10/04/2023