ڕێكخراوی فەلەكناسی كوردستان لەبارەی خۆرگیرانەکەی سبەینێ دەڵێت" هەرێمی كوردستان و عێراق ناگرێتەوە".
رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" چاوەڕوان دەکرێت لە بەرەبەیانی سبەی پێنجشەممە دیاردەی خۆرگیرانی تەواو رووبدات و ئەم خۆرگیرانە وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئوسترالیا و زەریای هێمن و زەریای هیندی و جەمسەری باشور دەگرێتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، رێژەی خۆرگیرانەکە لە فلیپین (٥٠%) دەبێت و لە ئوسترالیا (٥٥%) و لە تایلەند و نیوزلەندا (٣٠%) دەبێت، بەڵام دیاردەی خۆرگیران هەرێم و عێراق ناگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتژمێر (٤:٣٤) خولەکی بەرەبەیان خۆرگیرانەکە دەستپێدەکات و لە کاتژمێر (٩:٥٩) خولەکی بەیانیش کۆتایی دێت.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە" لە ڕۆژی ٥ی ئایاری ئەمساڵ دیاردەی مانگیرانی نیمچەیی روودەدات و ئەگەری هەیە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بگرێتەوە".