ئاماری هاتنی گەشتیاران لە دوو ڕۆژی جەژندا بۆ هەرێم ئاشکراکرا

دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات بۆ پشووەکانی جەژن زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ھەرێم بکەن، لە دوو رۆژی جەژنیشدا زیاتر لە ١٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمیان کردووە.

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم ڕایگەیاند، "بۆ پشووەکانی جەژن پێشبینی دەکەم زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار گەشتیار ڕوو لە پارێزگاکانی ھەرێم بکەن، لەو ژمارەیەش چاوەڕێ دەکرێت زۆرترین گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی ھەولێر و سلێمانی بکەن".

لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ ھەزار شوێن ھەن کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکەش دەکەن، لەوانەش بنکەی گەشتیاری، ھۆتێل، رێستۆرانت، مۆتێل، کافتریا، ھۆڵی ئاھەنگ گێڕان و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە.

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم وتیشی، بۆ ئەمساڵ دەستەکەیان بەرنامەی ھەیە ژمارەی ھاتنی گەشتیاران بۆ حەوت ملیۆن گەشتیار بەرزبکاتەوە، کە ساڵی رابردوو زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردبوو و زۆرینەشیان لە پارێزگاکانی عێراقەوە ھاتبوون.


PM:12:17:23/04/2023