یەكەم لێدوانی عەبدوڵای كوێخا موبارەك لەسەر كوشتنی كوڕەكەی



عەبدوڵای كوێخا موبارەك رایدەگەیەنێت، كوڕەكەی بەهۆی رووداوێكی هاتووچۆوە كەمئەندام ببوو هیچ پەیوەندی بە ململانێكانەوە نەبووە و لای ئەوانیش زۆر خۆشەویست بووە، بەڵام داوا لە ئەندام و لایەنگرانیان دەكات رەچاوی دۆخی چەمچەماڵ و كوردستان بكەن.

عەبدوڵای كوێخا موبارەك ئەمشەو لە كاتی بەخاكسپاردنی تەرمی كوڕەكەی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند "سوپاس بۆ هەموو خەڵكی چەمچەماڵ، هەر شتێكمان بەسەر بێت ئەو هاتنەی خەڵك دڵنەواییە، بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەم كوڕەمان زۆر تایبەت و شیرین بوو، چونكە بەهۆی رووداوێكی هاتووچوە كەمئەندام ببوو پەیوەندی بە مملانێوە نەبوو، ئەوانیش ئەو فرسەتەیان قۆستبوەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "ئەو رووداوە كارێكی نامرۆڤانە و نامەردانەیە، بەڵام ئێمە شكورین بەخوای گەورە، داواش لە ئەندام و خزمان دەكەم نامانەوێت دۆخەكە تێك بچێت و دەمانەوێت دۆخی چەمچەماڵ و كوردستان ئارام بێت، جگە لەو چەند كەسەی دیارن، دەست بۆ هیچ كەس نەبرێت".

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە قەزای چەمچەماڵ سەرهەد عەبدوڵای كوێخا موبارەك كە تەمەنی 21 ساڵە كوژرا، دوای رووداوەكەش ماڵی عوسمان قەساب كە تۆمەتبارە بەو رووداوە سووتێنرا، هەروەها دەوترێت دوای سووتانی ئەو خانووە، كەسێكی بەتەمەنی ئەو ماڵەش رفێنراوە و دواتر ئازادكراوە.

هەر ئەمشەویش بۆ رێگرتن لە گرژی زیاتر لە ناوچەكەدا، هێزێكی ئەمنی زۆر لە ناو قەزای چەمچەماڵ بڵاوەی پێكراوە.

عەبدوڵای كوێخا ،موبارەك لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا پێشمەرگەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بووە، دواتر پەیوەندی كرد بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ماوەی سێ ساڵیشە بووە بە كادرێكی سەربازی پارتی دیموكراتی كوردستان.






PM:09:10:25/04/2023