لە سنە ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایان دەستگیرکرا

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان _ لقی سنە و بەڕێوەبەری هەڵبژاردنەکانی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی ئەو ئەنجوومەنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرا. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ دووشەممە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خالید ئەحمەدی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان و لە چالاکانی ژینگە پارێزی ئەو شارە و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ناوبراویان دەستبەسەرکردووە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە، کە دەستبەسەرکرانی خالید ئەحمەدی لە کاتێکدا بووە ناوبراو بەڕێوەبەری هەڵبژاردنەکانی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بووە کە بڕیار بووە دوێنێ بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوە بچێت.


AM:09:09:30/04/2024