چوارچێوەی هەماهەنگی هەواڵێكی گرنگ سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجە رادەگەیەنێت


چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت دەكاتەوە لەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی ناكەوێتە ژێر موزایەدە و زەوتكردنی هیچ لایەنێكی سیاسییەوە.

عەلی فەتلاوی، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە، هێزەكانی چوارچێوە رێگەیان نەداوە و ناهێڵن یاسای بودجە بكەوێتە بەر هیچ حاڵەتێكی موزایەدەی هیچ لایەنێكی سیاسییەوە.

فەتلاوی ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم یاسایە كاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە و دەبێت دوور بێت لە هەموو ئەجێندایەكی سیاسی، بۆیە هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریان داوە لە ماوەی داهاتوودا پەلە بكەن لە تێپەڕاندنی یاسای بودجە، بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق بتوانێت بەرنامەكەی جێبەجێ بكات.

مانگی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی پەسەندكرد، زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەشكراوە، وەك بەشێك لە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.



PM:10:21:27/04/2023