"دەسەڵاتی کوردی کورسی دەسەڵاتەکەی لەسەر گۆڕی ئازادیخوازان هەڵچنیووە"

بنەماڵەى سەردەشت عوسمان رایدەگەیەنن" دەسەڵاتی کوردی کورسی دەسەڵاتەکەی لەسەر گۆڕی ئازادیخوازانی کوردستان هەڵچنیووە". 

بە بۆنەی تێپەڕبوونی (١٣) ساڵ بەسەر کوژرانی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان خانەوادەکەی راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" دەسەڵات لە ماوەی (٣٢) ساڵدا سەلماندی کە دەسەڵاتێکی ستەمکار و مافیا و چەتەیە و بکوژ و خوێنڕێژە، کۆنەپەرست و سەرکوتگەرە، کورسی دەسەڵاتەکەی لەسەر گۆڕی ئازادیخوازانی کوردستان هەڵچنیووە". 

دەشڵێن" بکوژانی سەردەشت نەیانتوانی بە تیرۆری سەردەشت پەیامەکەی بخنکێنن، تارمای سەردەشت عوسمان بووە بە کابوسێک و بەردەوام بەسەرسەری دەسەڵاتی کوردیدا دەسوڕێتەوە و لەم (١٣) ساڵەدا، هێشتا رۆژانە بەڵگەی تازە و باوەڕپێکراو لەسەر بکوژانی و چۆنیەتی کوشتنی لە جیهان و کوردستاندا بڵاودەبێتەوە". 

سەردەشت عوسمان لە ساڵی (١٩٨٨) لە دایکبووە، ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری دوا قۆناغی بەشی زمانی ئینگلیزی کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سەلاحەدین بوو لە ھەولێر.

ڕۆژی ٤ی ئایاری ٢٠١٠ لە بەردەم كۆلێژەكەی لە زانكۆی سەلاحەدین لە لایەن چەند کەسێکی نەناسراو رفێندرا و ڕۆژی دواتر تەرمەکەی لە شاری موسڵ بە دەست و قاچ بەستراوی دۆزرایەوە. 


PM:05:02:03/05/2023