یەکێتی سەبارەت بە حكومەتی خۆجێی سلێمانی ڕاگەیەنراوێک بڵاودەکاتەوە
لەكۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیو فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەخت لەسەر لەپێکھێنانی حکومەتی خۆجێیی سلێمانی لەسەر بنەمای تەوافوق و یەکڕیزی نیشتیمانی كرایەوە.
لەکۆبوونەوەیەکی نێوان فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیدا جەختکرایەوە لەسەر، ھەرچی زووتر یەکلابونەوەی پرسی حکومەتی خۆجێی سلێمانی.
لە ڕاگەیەنراوێکی ھاوبەشی ئەنجومەنی ناوەندو فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ھاتووە:"ئێمە وەکو یەکێتی جەختدەکەینەوە لەسەر پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی سلێمانی لەسەربنەمای تەوافوق و یەکڕیزی نیشتیمانی، لەو ڕوانگەیەشەوە ھەڵوێستی فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تائێستا بەرز دەنرخێنین".
لەبەشێکی تری بڕیارەکانی نێو کۆبوونەوەکەدا ئەوە ھاتووە:"وەک ھەمیشە تەئکید لەپارێزگایەکی ئارام و خۆشگوزەران دەکەینەوەو سوپاسی پشوودرێژی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی دەکەین".
ئەمڕۆ ئەنجومەنی ناوەندی ی.ن.ک پێشوازیکرد لەفراکسیۆنی سەوز لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و دوای تاوتوێکردنی وردی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی ھەردولا ڕاگەیەنراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە.
PM:05:31:08/09/2014