فڕۆکەخانەی هەولێر سەبارەت بە هەڵگرتنی کارتی زیرەک ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە

لە ڕاگەیەندراوێکدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەشتیاران ئاگادار دەکاتەوە کە بۆ گواستنەوەی پارە بۆیان هەیە تەنها دوو کارتی زیرەک هەڵبگرن. 

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ‎دوای زیادبوونی دیاردەی بردنە دەرەوەی (Credit Card, Debt Card) بەرێژەیەکی بەرچاو لە فڕۆکەخانەدا، کە تاوەکو ئێستا بە نزیکەی (٢١٥٠) کارت دەستی بەسەردا گیراوە، لەلایەن گەشتیارانەوە بە مەبەستی بردنە دەرەوەی وڵات بۆ ساغکردنەوەی پارە بەکارهاتووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا فڕۆکەخانەی هەولێر ئاگاداری گەشتیاران دەکاتەوە کە ئەم بابەتە رێگەپێدراو نییە، بەپێی یاسا و رێنماییە داراییەکان، هەر گەشتیارێک دەتوانێت تەنیا دوو کارت بباتە دەرەوەی وڵات، بە مەرجێک ئەم دوو کارتە بە ناوی خودی گەشتیارەکەوە تۆمارکرابێت لە هەر بانکێکدا.

‎هەروەها هۆشداریش دەدات بەدەر لەم رێکارە یاسایی و داراییە، گەشتیار تووشی سزای یاسای دەبێت.


PM:07:32:10/05/2023