داواکانی یەکێتی لە پارتی و مەسرور بارزانی چی یە بۆ گەڕانەوەیان بۆ نێو حکومەت؟


لە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، یەکێتی ژمارەیەک داواکاری دارایی و سیاسی ئیداری  هەبووە کە تا ئێستا رانەگەیەندراوە، ( سپی ) هێڵە سەرەکییەکانی ئەو داواکاریانە بڵاودەکاتەوە.

رۆژی ٨ ی ئایار لە هەولێر مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی کە ماوەی حکومڕانیان بۆ "درێژکراوەتەوە"، دوای ٨ مانگ لێک دابڕان کۆبوونەوەیەکیان سازکرد و وەک هەردووکیان بڵاویان کردەوە کۆبوونەوەکە " ئەرێنی " بووە، ( سپی ) ناوەرۆکی داواکارییەکانی یەکێتی بڵاودەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، یەکێک لە داواکارییەکانی یەکێتی چارەسەکردنی مووچەی مووچەخۆرانی دەڤەری سلێمانییە کە بە " مەرکەزی " بکرێت، واتە دەستبەرداری دابەشکردنی داهاتی بە رێژەی ٥٧% بۆ هەولێر و دهۆک و ٤٣% بۆ سلێمانی ببن.

هەروەها داوا کراوە کە دەسەڵاتە ئیداری و داراییەکانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی وەزیرانی ( ماوە بۆ درێژکراوە) زیاد بکرێت.
هەروەها یەکێتی داوایکردووە حکومەتی هەرێم پارەی مانگانەی دژە تیرۆری یەکێتی خەرج بکاتەوە کە لە رووداوی کووشتنی عەقید هاوکاری جافەوە، مەسرور بارزانی بڕیوویەتی و وەهاب هەڵەبجەیی بەرپرسی دەزگاکە تۆمەتبار دەکەن کە دەستی هەبێت لەو رووداوەدا.

لە ڕووی هەڵبژاردنەوە یەکێتی داوایکردووە لەسەر پرسی هەڵبژاردن و کەمینەکان رێکبکەون، لەم خاڵەدا یەکێتی داوای کردووە کار بە تۆماری دەنگدانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بکرێت، هەروەها دەیەوێت لەسەر کۆتاکانیش رێکبکەون.

لە ڕووی سیاسیەوە، یەکێتی داوایکردووە کە پارتی مامەڵە لەگەڵ لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی نەکات.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ( سپی ) مەسرور بارزانی لەو کۆبوونەوەیدا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی داواکارییەکانی یەکێتی بە " هێند " وەرگرتووە، بەڵام بڕیار لەسەر هیچ کام لەوانە نەدراوەو لە رۆژانی داهاتوو لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی هەردوولادا، رای پارتی لەسەر ئەو پرسانە ئاشکرا دەبێت و دواتر گەر ئەم کەشە ئەرێنی یە بەردەوام بێت لەسەر ئەو داواکاریانە رێکدەکەون.  

رۆژی ٨ ی ئایار کۆبوونەوەیەک لە نێوان مەسروربارزانی و قوباد تاڵەبانی لە کەشێکی پۆزەتیڤدا سازکراو ئەمەش بوو بە بنەمایەک بۆ دەستکردن بە گفتوگۆ و گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی بۆ نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کە بڕیارە یەک شەممە بەشداری کۆبوونەوە بکەن.   



PM:11:12:12/05/2023