دەروازەیی سمێڵکا لەسەر راگرتنی هاتن‌و چوون بۆ رۆژئاوا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە


ئیدارەی دەروازەی سنووریی پیشابوور لەبارەی داخستنی دەروازەکەیان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان، پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان تۆمەتبار دەکات و  دەڵێت، " رەفتارەکانی پەیەدە وایکردووە پێداچوونەوەی قووڵ بە سرووشتی پەیوەندییەکان لەگەڵ خۆیان و ئیدارەی دەروازەکەیان بکەین." 
 
ئیدارەی دەروازەی سنووریی پیشابوور لە روونکردنەوەیەکەیدا دەڵێت، " بە ئاشکرا بە هەموو گەلەکەمان لە کوردستانی سووریا و هەموو پێکهاتەکان رادەگەیێنین کە بەرگەی زۆر گوشار و هەڵەی گورچکبڕی یەکێتیی دیموکرات-مان گرت کە بەردەوامە لە سیاسەتی تۆمەتبارکردنی پووچی بێ بنەما بە کوردستان، هێڵی سووریان بەزاندووە، پیلانگێڕییەکانی دووبارە بووەتەوە، زۆر هەوڵمان دا هەڵسوکەوتیان بگۆڕن، بەردەوام رێگە و دەرگاکانیان داخستووە، تەنیا خۆیان پێ راستە، بەرگەی هەموو شتێکمان گرت لە پێناوی گەلەکەمان، بەڵکو گەیشتە ئاستێک کە ناتوانین قبووڵ و بەرگەی بگرین." 
 
دەروازەکە جەخت باس لەوەش دەکات "بە گەلەکەمان لە کوردستانی سووریا دەڵێین، ئەو کۆمەڵە رەفتارانە وایکردووە پێداچوونەوەی قووڵ بە سرووشتی پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتیی دیموکرات و ئیدارەی دەروازەکە بکەین، مافی گەلە ئەو رەفتارانە زیاتر قبووڵ نەکەن، هەڵوێستی ئێمەیان لەبەرچاو بێت، ئێمەش بەڵێن دەدەین بەپێی توانا لە هەوڵەکانمان بەردەوام بین تاوەکو زیان بە گەلەکەمان نەگات." 
 
دەروازەی پیشابوور جەخت لەوە دەکاتەوە: پێویستە لەسەر یەکێتیی دیموکرات واز لە دروشمی درۆ و ساختە بهێنێت کە کەس باوەڕی پێناکات، "ئەوان بەردەوامن لە سیاسەتی دیکتاتۆری و سەرکوتکاری، نیشتەجێبوونی ناچاریی تاکە بژاردەیە لەبەردەم گەلەکەمان، بۆیە پێویستە داوای لێبووردن بکەن، چونکە ناتوانین هەر سەیری ستەم و دیکتاتۆری و جموجۆڵە نا کوردانە و مرۆڤانەکانیان بکەین و لەگەڵیان هاوبەش بین، پێویستە دەروازەکە لە خزمەتی هەمووان بمێنێتەوە نەک تەنیا لە خزمەت یەک پارت بێت و دووربێت لە دەستوەردانی سیاسی بە شێوەیەکی کردار و واقعی، نەک درووشم." 

رۆژی ١١ی ئایار بەرپرسانی هەرێم دەروازەی سمێلکای نێوان هەرێم و رۆژئاوای کوردستان داخست، ئەو دەمە لایەنی رۆژئاوای کوردستان داخستنی دەروازەکەی خستەپاڵ هەرێم و بەبێ هۆکار ناوزەدیکرد. 
 



PM:11:49:15/05/2023