بڕیارێكی نوێ بۆ سزادراوانی ماددەی هۆشبەر دەردەكرێت


وەزارەتی دادی عێراق بڕیاریدا ئەو كەسانەی بەتۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزادراون لە زیندانیكراوەكانی دیكە جیبكرێنەوە بۆ ئەوەی پشكنینیان بۆ بكرێت و ئالودەبوونیان بەماددە هۆشبەرەكان چارەسەربكرێت.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق سەردانێكی مەیدانی بۆ زیندانی ناوەندی بەغدا ئەنجامدا بەمەبەستی بینینی قۆناغەكانی كۆتایی نۆژەنكردنەوەی بەشی سزای سوك، بەمەبەستی كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لەنێو زیندانییەكان بەپێی پێوەرەكانی مافی مرۆڤ.

هەر پێی راگەیەنراوەكە، خالید شوانی بڕیاریداوە بە تەرخانكردنی بەشێكی تایبەتی زیندان بۆ مانەوەی ئەو كەسانەی كە بە تاوانی ماددە هۆشبەرەكان سزا دراون و دەبێت ئەو كەسانەی بەتۆمەتی ماددەی هۆشبەر سزادراون، لەسەرجەم زیندانییەكانی دیكە جیابكرێنەوە، بۆئەوەی بەردەوام لێكۆڵینەوە بۆ دۆخی تەندروستیان بكرێت و چاكبكرێنەوە و كۆتایی بەئالودەبوونیان بەماددەكان بهێندرێت تا بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆمەڵگە. 



PM:11:46:20/05/2023