( سپی ) زانیاری تایبەت لە بارەی گەڕانەوەی ئەژی ئەمین بۆ نێو یەكێتی بڵاودەكاتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ ئەژی ئەمین، سەرۆكی پێشووی دەزگای زانیاری یەكێتی بگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی كۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەکە لە ئێستادا زیاتر نەمانی ناکۆکی و بارگژی نێوان ئەو بافڵ تاڵەبانی و بەرپرسانی یەکێتییە.

بەپێی زانیارییەكانی (سپی) ئەمڕۆ ئەژی ئەمین، دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و لەگەڵ بافل تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان کۆدەبێتەوە بۆ رەواندنەوەی بارگرژی نێوانیان و لە ئێستادا هیچ بابەتێکی وەرگرتنی پۆست لەناو دەزگا ئەمنییەکانی حکومەت و حیزب بۆ ئەژی ئەمین لە ئارادا نییەو زیاتر چاککردنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتوون لە رۆژانی رابردوودا ئەژی ئەمین ئەو خانوو موڵکانەی وەرگرتۆتەوە کە لە کاتی رۆشتنیدا بۆ هەولێر دەستی بەسەردا گیرابوو.

هەروەها خێزان و کەسوکارەکەشی بەهۆی کێشەی ئەژی ئەمین لەگەڵ یەکێتیدا لەکاتی جیاجیادا چووبوونە هەولێر، لە ئێستادا گەڕاونەتەوە سلێمانی.

لەبارەی پێدانی پۆستەوە لە ئێستادا بە ئەژی ئەمین، هیچ بابەتێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە.

دەربارەی هەڵوێستی پارتی لەمەڕ گەڕانەوەی ناوبراو بۆ سلێمانی، بەپێی زانیارییەکان، پارتی لاری لەگەڕانەوەی نییەو زیاتر وەک کێشەیەکی ناوخۆی یەکێتی تەماشای دەکات. 

لە رووداوەکانی ٨ ی تەموزی ٢٠٢١ و توندبوونەوەی ناکۆکی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی، ئەژی ئەمین لەبەرەی بافڵ تاڵەبانی بوو، بەڵام دواتر ناکۆکی کەوتە نێوانیانەوەو ئەژی ئەمین لەلای یەکێتی لە پۆستەکەی لابراو چووە هەولێر نیشتەجێبوو، بەڵام  لەوێش هەر بەناوی بەرێوەبەری دەزگای زانیاریەوە كاری دەكرد.



PM:03:06:22/05/2023