كۆمەڵی دادگەریی: كاتێك كۆمسیۆن كارا دەكرێتەوە كە ماوەی یاسایی پەرلەمان بەسەرچووە


كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رایدەگەیەنێت، كاتێك كۆمسیۆنی هەڵبژاردن یەكلایی دەكرێتەوە كە ماوەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بەسەرچووە و ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنە جیاوازەكانیش دەستیان لەكاركێشاوەتەوە.

كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رایگەیاندووە "ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان ڕوویدا، ئەو ڕاستیە زیاتر دەردەخات كە قەوارەی هەرێمی كوردستان بەهۆی دامەزراوە یاسایی و دەستووریوەكانی دانی پێدا نراوەو سەلمێنراوە، بەڵام بەداخەوە پارتە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر بەرەو هەڵوەشانەوەو پوكانەوەی دەبەن".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "ئەوەی ئیستا لەپەرلەمانی كوردستان دەگوزەرێ لە كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی  باڵاو هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان، دەبوو لەماوەی یاسایی پەرلەماندا بكرایەو هەوڵی كۆدەنگی بۆ بدرایە بۆئەوەی هاوڵاتیان بە خۆشحاڵیەوە بەشداری هەڵبژاردنی ئایندەیان بكردایە، بەڵام بەداخەوە ئەوكارانە كاتێك ئەنجام دەدرێن كە ماوەی یاسایی پەرلەمان بەسەرچووەو ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنە جیاوازەكان دەستیان لەكاركێشاوەتەوە".

كۆمەڵی دادگەریی كوردستان وتویەتی "ئێمە نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لەسەر ئەو بارودۆخەو دەخوازین هاوڵاتیان ئەم هەنگاوە پڕ لە پشێوی و ئاڵۆزیانەی دەسەڵات ساردیان  نەكاتەوە لە هەوڵ و هیوای گۆڕانكاری و چاكسازی بەتایبەت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوەو دەبێ هەموان سوور بین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و سەركۆنەی هەر هەوڵێكیش بكەین كە بیەوێ دامەزراوە نیشتمانیەكان بێ ڕۆڵ بكاو هاوڵاتیان بەرەو بێهیوایی ببات".

‎ 



PM:06:40:22/05/2023