د. پشدەر لەبارەی سكچوون و ڕشانەوەی منداڵان هۆشدای دەدات

پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان ڕایدەگەیەنێت، هەموو ساڵێك لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا سكچوون و ڕشانەوە زۆر زیاد ئەكات لەناو منداڵاندا و لەخۆتەوە چارەسەر بەكارمەهێنە تا هۆكاری سكچوون و ڕشانەوەكە نەزانیت".

د.پشدەر عەبدوڵڵا، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاند، هەموو ساڵێك لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا سكچوون و ڕشانەوە زۆر زیاد ئەكات لەناو منداڵاندا ئەویش بەهۆی كاریگەری بەرزی پلەی گەرمایە، كە لەوانەیە بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاو و خراپ هەڵگرتنی خۆراك لەناو پلەی گەرمی بەرزدا و گەشەكردنی هەندێك بەكتریا لەو پلە گەرمیەدا لەگەڵ وشكبوونەوەی منداڵ لە پلەی گەرمی بەرزدا و كەمتر بەرگەگرتنی سكچوون و ڕشانەوە".

ئاماژەی بەوەشداوە هۆكارەكانی سكچوون و ڕشانەوە زۆرن، كەواتە لەخۆتەوە چارەسەر بەكارمەهێنە، چونكە چارەسەرەكانیشیان جیاوازن.

ڕوونیشی كردۆتەوە، لەوانەیە هۆكارەكە ڤایرۆس یان بەكتریا یان پاڕاسایت یان خواردنی شیرینی یان هەستیاری بە پڕۆتین، یان نەخۆشی گەنم و جۆ یان ژەهراوی بوون یان هەستیاری بەجۆرە خواردنێك یان كۆرۆنا یان چەندین هۆكاری تر بێت.

بۆ ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە باشترە ئەم هەنگاوانە بنێیت:
١-هەموو ئاوێك بكوڵێنە انجا ساردی بكەرەو بۆ خواردنەوە بەكاری بهێنە.
٢-خواردن لەناو سەلاجە هەڵبگرە.
٣-سەورزە میوە پێش خواردنی جوان بشۆرەوە.
٤-زوو زوو دەستی منداڵەكەت بشۆ بەتایبەت دوای تەوالێت كردن.
٥-پاك و خاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە.
٦-بەكارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و كەوچكی یەكتر.
٧-دووركەوتنەوە لەخواردنی دەرەوە بەتایبەت ئەوانەی سەر عەرەبانەكان.
٨-باش كوڵاندنی گۆشت و خواردنەكان.


PM:06:00:23/05/2023