شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، ئەمجارە یەكێتی و پارتی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانیان بۆ نەچووە سەر، بەڵكو سەردەمی جارانی پارتی و یەكێتی كۆتایی هات.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندووە "ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ هەرێمی كوردستان، پارتی و یەكێتی ماوەی 32 ساڵە و بۆ ماوەی حەوت جار بە نایاسایی تەمەنی پەرلەمانیان درێژكردبۆوە و بۆیان چووە سەر، بەڵام ئەمجارە بۆیان نەچووە سەر، پێشتریش پەرلەمانیان داخست و سەرۆكی پەرلەمانیان ناردەوە بۆ سلێمانی، هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەو كاتە نەیانتوانی ئەو كارە بوەستێنن".
ناوبراو روونیكردۆتەوە "ئەمجارەش پارتی و یەكێتی تەمەنی پەرلەمانیان درێژكردەوە كە شەش مانە، بەڵام ئێمە نەمانهێشت و هەموو لایەكیش داوای هەڵبژاردن دەكەن، بۆیە ئەمڕۆش درێژكردنەوەكەمان هەڵوەشاندەوە، چونكە خەڵك بۆ چوار ساڵ دەنگی بەم پەرلەمانە داوە، بەڵام تەمەنی درێژ دەكەنەوە، بۆیە سەردەمی جارانی پارتی و یەكێتی كۆتایی هات".
هەروەها وتویەتی "ئێمە پێمانخۆشبوو پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و ئەنجومەنی دادوەریی و كۆمسیۆن بێلایەن بونایە، ئەو كاتە هەموومان بەرگریمان لێدەكردن، بەڵام كاتێك هیچ بەهایەك بۆ دامەزراوەكان ناهێڵنەوە، ئەو كاتە ئێمەش ناچارین پەنا بۆ هەر شوێنێك ببەین كە بە باشی دەزانین".