زۆرترین خوێندکاری دەرچووی ١٢ لە زانکۆکان وەردەگیرێن

 
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە بۆ ساڵی نوێی خوێندن زۆرترین دەرفەتی خوێندنی گشتیی لە زانکۆکان بۆ قوتابییان دەڕەخسێنن و لە زانکۆکان وەردەگیرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە ٦ ی حوزەیران لە کۆبوونەوەیەکدا د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ئامادەبووانی بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون، کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای وەرگرتن بە بەشداری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ و بەڕێوەبەری تۆماری سەرجەم زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

لە دوای کۆبوونەوەکە وەزارەت رایگەیەند" لە کۆبوونەوەکەدا پلان و بەرنامەکانی وەزارەت تایبەت بە وەرگرتنی قوتابییان و گواستنەوەو دابەزین بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ گفتوگۆی لەبارەوە کرا، هەروەک چەند بابەتێکی گرنگ و پەیوەست بە شێوازی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان خرایەڕوو و بەرنامەی پێویستیان لەبارەوە بۆ دانرا".

هەروەها هاتووە " لە کۆبوونەوەکە وەزیری خوێندنی باڵای باسی لەوە کرد کە ئامانج لەم کۆبوونەوەیە دانانی میکانیزم و پلانی وەرگرتنە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بە شێوەیەک هاوتەریب بێت بۆ سودی دەرچووان و پێداویستیەکانی بازاڕی کار".

د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا دوپاتیشی کردەوە،" وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ڕەچاوکردنی کوالێتی خوێندن و لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانێکی تۆکمە، کار بۆ وەرگرتنی قوتابییانی لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات، بەهەمان ڕۆحیەتی ساڵانی پێشوو".



PM:10:41:06/06/2023