فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو خانمە ئەکتەری ئێران بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجاب دەرچوو

دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دوو خانمە ئەکتەری وڵاتەکەی بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجاب دەرکرد.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێران، (ئازاد سەمەدی و لەیلا بلوکات) کە دوو ئەکتەری بواری سینەمایین، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە باڵاپۆشییەوە، لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری حکومەتی ئێرانەوە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە. 

هەروەها میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوەشکردووەە" ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ئازاد سەمەدی بەهۆی ئەوەی لە پرسەی یەکێک لە هونەرمەندەکانی ئەو وڵاتە بینراوە و پابەندی باڵاپۆشی نەبووە، بانگهێشتی لایەنی پەیوەندیدار کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە، هاوکات لەیلا بلۆکات وێنەی خۆی بەبێ جلوبەرگی تایبەت بە باڵاپۆشی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە، بەوهۆیەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە". 

لە چەند مانگی ڕابردوودا، ژمارەیەک ژنە هونەرمەند و چالاکوانی کۆمەڵایەتی، بە بیانووی پابەند نەبوون بە باڵاپۆشی لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.


AM:08:49:13/06/2023