دیاردەیەکی دەگمەنی گەردوونی ڕوودەدات

گەردونناسان پێشبینی دەکەن، رۆژی شەممەی داهاتوو پێنج لە هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر لە تەنیشت یەکەوە ریز ببن و دەتوانرێت دوانیان بە چاوی ئاسایی ببینرێت.

ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی بڵاوی کردوەتەوە، رۆژی شەممەی داهاتوو هەسارەکانی زوحەل و پلۆتۆن و موشتەری و ئۆرانۆس و عەتارد لە ئاسماندا لە تەنیشت یەک ریز دەبن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دیاردەکە پێش هەڵهاتنی خۆری رۆژی شەممە روودەدات و بۆ ئەوەی بە باشی ببینرێت پێویستە لە شوێنێکی تاریک کە روناکی گڵۆپ و دەستکردی کەمی تێدابێت سەیربکرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشبینی دەکرێت سەرەتا زوحەل و پلۆتۆن و موشتەری و ئۆرانۆس بچنە ریزی یەکتر و لە کاتژمێرەکانی پێش خۆرهەڵهاتندا هەسارەی عەتاردیش لە نزیکیانەوە دەربکەوێت.

باسی لەوەش کردووە، بینەر بۆ بینینی بەشێکی ئەم دیاردەیە پێویستی بە تەلیسکۆب نیە و دەتوانیت هەسارەکانی موشتەری و زوحەل بە چاوی ئاسایی ببینێت، بەڵام بۆ بینینی هەسارەکانی دیکە رەنگە پیویستی بە تەلیسکۆب بێت.

ریز بوونی هەسارەکان دیاردەیەکی گەردوونیە و رودەدات کاتێک هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر لە تەنیشت یەکەوە ریز دەبن.


PM:11:16:16/06/2023