لەسلێمانی، رێگری لە بردنە دەرەوەی ماددەی هۆشبەر و كارتی بانكی دەكرێت


لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕێگری لە هەوڵی بردنەدەرەوەی بڕێكی زۆر لە ماددەی هۆشبەر و سەدان كارتی بانكی كراوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "لە پێناو چەسپاندنی یاسا و ڕێگریكردن لە هەر جۆرە كارێكی نایاسایی توانرا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ڕێگری بكرێت لە بردنەدەرەوەی سەدان (كارت بانكی ئەلیكترۆنی) بەشێوازی شاراوە لە لاپتۆپ و پاوەربانك و خواردەمەنی شاردرابونەوە، ئەوەش پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەكانی بانكی مەركەزی عێراقییە".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "هەروەها دەست بەسەر هەندێك ماددەی پزیشكیدا گیراوە كە ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەبووە، دوو تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر و دەستگرتن بەسەر بڕی 7 كیلۆ و 170 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری (حەشیش) كە بەشێوازی شاراوەیی ئامانجیان بوە بیبەنە دەرەوەی هەرێمی كوردستان".




PM:08:44:20/06/2023