تەندروستی هەرێم ئاماری تووشبوون و گیان لەدەستدان بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە ئاشکرا دەکات

وەزیری تەندروستی هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە دووپاتیکردەوە کە ڕێککارەکانی تووشبوون بە پەتای خوێنبەربوون لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، لە هەمان کاتدا ئاماژە بە پێویستی پابەندبوون بە پاراستنی تەندروستی دەکاتەوە. 

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە سێیەمین کۆنفرانسی زانستی پزیشکانی ددان لە زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند" دۆخی ئێستای پەتازانی لە کوردستان لە ژێر کۆنترۆڵدایە، بەو پێیەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ژێر چاودێریدایە لەگەڵ تای خوێنبەربوون سنووردارە"، (ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو پرسە دوێنێ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتەکانی تەندروستی و کشتوکاڵەوە وروژێنراوە، چونکە ئەو پرسە پێویستی بە بڕیار و ڕێکارەکان هەیە). 

سەبارەت بە ئاماری تووشبوون وەزیری تەندروستی هەرێم ڕاشیگەیاند، تائێستا لەسەرتاسەری عێراق (٧٢٢) حاڵەتی گومانلێکراو دەستنیشانکراون، هەروەها (٢٣٠) حاڵەت تۆمارکراون، لەکاتێکدا ژمارەی گیان لەدەستدان (٦١) حاڵەت بووە لە سەرتاسەری عێراق.

سەبارەت بە حاڵەتەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدان لە هەرێمی کوردستان، بەرزنجی دووپاتیکردەوە، (١٩) حاڵەتی گومانلێكراو هەبوون، هەشت حاڵەتیان پشتڕاستكراوەتەوە و لەنێویاندا چوار کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. 

وتیشی" ڕێژەی مردن لەم نەخۆشییە لە نێوان (٤٠٪ بۆ ٥٠٪)دایە، بەو پێیەی چارەسەری ئەم نەخۆشییە پێویستی بە ڤاکسینی تایبەت و چاودێری چڕ هەیە". 

وەزیری تەندروستی داواشی لە هاوڵاتیان کرد پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان، بە تایبەتی کە نزیک دەبینەوە لە جەژنی قوربان کە بە ڕێوڕەسمی سەربڕینی قوربانی تایبەتمەندە.


PM:03:20:22/06/2023