پلەی گەرما لە مانگی داهاتوودا بەرزدەبێتەوە


پسپۆرێکی بواری کەشناسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات مانگی داهاتوو پلەی گەرمای ناوچەکە بەرزدەبێتەوەو بە بەراورد بە مانگەکانی هاوین، ناوچەکانی هەرێمی کوردستان زۆر لەژێر ئەو کاریگەریەدا نابن.

ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی ئەمشەو ٢٣ ی حوزەیران رایگەیاند " سەرەتا مانگی حەوت یان تەمموز گەرمترین مانگی ھاوینە لە نیوە گۆی باکور کە تێیدا بەرزبوونەوەی زیاتر لە پلەکانی گەرما ڕووئەدات ئەمەش بەھۆی درێژبوونەوەی ماوەی رۆژ و زیاتر ستون بوونی تیشکی خۆرە لەسەر ناوچە کەمەرییەکان وە فراوانبوونی سیستەمی نزمەپالەپەستۆی وەرزی ھیندیە کە لەسەر وشکانی چالاکەبێت ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە بارانی ھاوینە پێکدەھێنێت بەسەر ناوچەکانی وڵاتی ھیندستان و باشوری نیمچە دوورگەی عەرەبی".

لە بارەی ناوچەکەوە، ئەو پسپۆرە دەڵێت" کاتێک درێژ ئەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکانی عێراق و خۆمان وشک دەبێتەوە ئەمەش وادەکات شەپۆلی بەرزبوونەوەی پلەکانی دروستبکات بەپێی کاریگەریەکانی و ماوەی مانەوەی لەسەر ناوچەکە کەلەسالێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە جیاوازە و ھەندێ کاتیش کاریگەری بەھێزترە و جۆرێک لە ناسەقامگیری و بارانی ھاوینەی بۆ ناوچەکانمان ھێناوە کە ئەمەش لەھەل و مەرجی گونجاودا رووئەدات و ئەگەر ھەیە لە مانگی داھاتوودا زیاتریش لەمانگی ئابدا بارانی لەم شێوەمان ھەبێت".

ئاراز جەبار پێشبینی دەکات، بەگوێرەی ئەو پێشبینیانەی کە بەردەستە مانگی داھاتوو تێکرای پلەی گەرمی بەرێژەیەکی زۆر لە سەرانسەری ناوچەکانی ئێران و نیمچە دوورگەی عەرەبی لەسەروو رێژەی ئاساییەوە ئەبێت واتا شەپۆلەکانی گەرما لەم ناوچانەدا بەھێز ئەبن ، وە پێشبینی دەکرێت بۆ تەواوی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و سوریا تورکیا بەرێژەیەکی کەم لەسەروو رێژەی ئاسای یان نۆرماڵ بێت واتا شەپۆلەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کاریگەری لەسەر ئەم ناوچانە زۆر بەھێز نابێت و جاروباریش بارستە ھەوای فێنک روو لەناوچەکە ئەکات و پلەی گەرمی نزمبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێت.



PM:10:05:23/06/2023