لە قەزای زاخۆ دوو هاوڵاتی لە رووباری خابووردا خنکان

بەرگری شارستانی قەزای زاخۆ ڕایدەگەیەنێت" دوو گەنج لە ڕووباری خابور لە سەنتەری قەزای زاخۆ لە کاتی هەوڵدان بۆ مەلەکردن گیانیان لەدەستدا". 

بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی قەزای زاخۆ، ڕووداوەکە ئێوارەی دوێنێ لە نزیک مزگەوتی حەج ئیبراهیم ڕوویداوە کە ئەو دوو هەرزەکارە لە ڕووباری خابور لە سەنتەری قەزای زاخۆ خنکاون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە" تیمەکانی فریاگوزاری بەڕێوەبەرایەتییەکە دوای ئاگادار کردنەوەیان دەستبەجێ چوونە شوێنی ڕووداوەکە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" تیمی فریاگوزاری توانیویانە تەرمی یەکێک لە هەرزەکارەکان بدۆزنەوە و بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە"،.  (ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە گەڕان بە دوای کەسە خنکاوەکەی دیکەدا هێشتا بەردەوامە). 

بەپێی ئامارێکی بەرگری شارستانی زاخۆ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە شەش کەس لە زاخۆ بەهۆی کەوتنە ئاوەوە خنکاون. 


AM:08:31:27/06/2023