لە هەرێمی کوردستان ئامارێکی نوێی توشبوون بە تای خوێنبەربوون ڕاگەیەندرا

وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لە کۆی (٢٥) حاڵەتی گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون (١٢) حاڵەتیان پشتڕاستکراونەتەوە". 

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی حوزەیران لە کاتی بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ئاماری توشبوون بە تای خوێنبەربون ڕایگەیاند" تا ئێستا (٢٥) حاڵەتی گومانلێکراوی تای خوێنبەربون لە هەرێم تۆمارکراون کە (١٢) حاڵەتیان پشتڕاستکراونەتەوە، هەروەها پێنج حاڵەتی مردنیشمان هەبووە". 

وتیشی" نەخۆشی تای خوێن بەربوون رێژەی پەککەوتن و گیان لەدەستدانی زۆرە، ئێمە ترسمان هەیە تەشەنە بکات و زیاتر بێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە پارێزگاکانی عێراق زیاتر لە (٧٠٠) حاڵەتی گومان لێکراو هەیە، زیاتر لە (٢٦١) حاڵەتی پشتڕاستکراوەوە هەیە کە (٦١) کەسیش بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە. 


PM:06:51:28/06/2023