جەلالی سام ئاغا: ئەم دەسەڵاتەی ئێستا حەیای کوردایەتیان برد


جەلالی سام ئاغا کە بە یەکێک لە رەمزەکانی دژە گەندەڵی لە کوردستاندا دادەنرێت، رایدەگەیەنێت" ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستای هەرێم حەیای کوردایەتیان برد، وایان لەخەڵک کرد ئاوان بە گەڕانەوە بۆ بەغدا و هیوا بە دادگای فیدڕاڵی بەغدا بخوازن بۆ یەکلای کردنەوەی کێشەکان".

بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە کەناڵی KNN بەسەرکردنەوەی کورتی لەگەڵ جەلالی سام ئاغا سەرۆکی پێشووتری دیوانی چاودێری دارایی ئەنجامداوە، لەو دیدارە کورتەدا باس لە دۆخی هەرێمی کوردستان و پرسی گەندەڵی دەکات.

جەلالی سام ئاغا لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت " هیچ ئومێدێکم بەم دەسەڵاتەی ئیستا نییە چاکسازی بکات، چونکە خۆیان بەشێکن لەو گەندەڵیەی کە ئێستا هەیە".

لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە، ناوبراو دەڵێت" دۆخەکە زۆر تاریک دەبینم و ئابڕوی کوردایەتییان برد".

جەلالی سام ئاغا کەسایەتیەکی دیاری کوردستانە، جگە لەوەی تا لە وەزیفەدا بووە بەو پەڕی ئازایەتییەوە رووبەڕووی گەندەڵی بۆتەوەو چەندان بەرپرسی پلە باڵای رووبەڕووی دادگا کردۆتەوە، هاوکات هەرچی سەروەت و سامانی خۆشی هەیە بەخشیوویەتی بەکاری خزمەتگوزاری لە بواری پەروەردە و تەندروستیدا.



PM:12:07:29/06/2023