دامەزراوە و لایەنەکانی هەرێم سەرکۆنەی سوتاندنی قورئان دەکەن لەلایەن کەسێکەوە

دامەزراوە و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی سوتاندنی قورئان دەکەن کە دوێنێ لەلایەن هاوڵاتییەکی بە ڕەچەڵەک عێراقی لە وڵاتی سوید سوتێندرا.

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند" بەتوندی سەرکۆنەی بێرێزیکردن و سوتاندنی (قورئانی پیرۆز) دەکەین، کە لەوڵاتی سوید لەلایەن ھاوڵاتیەک ئەنجامدراوە، ئەم رەفتارە دورە لە بەھای مرۆڤایەتی و دژی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەیی و ئایندارییە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان لەو وڵاتە، ڕێگری یاسایی لەم شێوە روداوانە بکەن و بکەری سەرەکیش ڕوبەڕوی دادگا بکەنەوە.

لای خۆشیەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە" سەرکۆنەی سوتاندنی قورئانی پیرۆز دەکەم، داواکارم هەموو کتێبە ئاسمانییە پیرۆزەکان رێزلێگیراوبن لە هەموو شوێنێک و رێگە بگیرێت لە تێکدانی پێکەوە ژیان".

هەروەها کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند" بێڕێزیکردن و سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە یەکەمین ڕۆژی جەژنی قوربان لەلایەن گەنجێکی مەسیحی عێراقی دانیشتوی سوید مایەی نیگەرانی ملیۆنان مسوڵمانە، ئێمە لە کۆمەڵی دادگەری کوردستان، نیگەرانی خۆمان لەو کارە دەردەبڕین و سەرکۆنەی دەکەین و بە بێڕێزی بەرامبەر پیرۆزیەکانمان و بیروباوەڕمانی دەزانین کە بە بەرچاوی دونیا و بە پاساوانی و چاودێری پۆلیسەوە ئەنجام دراوە". 

ئەوەش هاتووە" دەسەڵاتدارانی سوید نەدەبوو لە ژێر پاساوی ئازادی دا بۆ چەندەمین جار ڕێگا بەکارێکی وابدەن کە دەبێتە مایەی بێزاری تەواوی مسوڵمانان و ئەگەری کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە حکومەتی سوید تەواوی بەرپرسیاریەتیەکانی دەکەوێتە سەرشان و چاوەڕوانی کاردانەوەی مسوڵمانان بێت لە سەرتاسەری جیهان، داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراقیش دەکەین ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ گەڕاندنەوەی و سزادانی".

دوێنێ چوارشەممە لە یەکەم ڕۆژی جەژندا لە شاری ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید هاوڵاتییەکی بە رەچەڵەک عێراقی بە ناوی (سەلوان مۆمیکا) لە بەردەم مزگەوتی ستۆکھۆڵم قورئانی سوتاند کە ئەمەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.

هەر ئەمڕۆش لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە بەغدای پایتەختی عێراق دژی سوتاندنی قورئان دەستیانکرد بە خۆپیشاندان و هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق و ئاڵای ئەو وڵاتەیان لەسەر باڵیۆزخانەکە داگرد. 


PM:06:14:29/06/2023