پەی: سەرۆكی پەرلەمان لە تیانوسێكدا زانیاری نادروستی پێشكەش بە دادگا كردووە

ڕێکخراوی پەی ڕایدەگەیەنێت "وێنەی تیانوس (لائحە)ەكە لای ئێمە پارێزراوە  ئەگەر سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمان هەر سور بێت لەسەر رەت كردنەوەی، ئەو كاتە ناچار دەبین لەپێناو متمانەی خۆمان، تیانوسەكە بڵاو بكەینەوەو ئۆباڵەكەیشی بخەینە ئەستۆی بەڕێزیان".

ئەمرۆ سێشەممە ٤ی تەمووزی ٢٠٢٣ ڕێکخراوی پەی ڕایگەیاندراوێکی دەربارەی قسەکانی ڕێواز فایەق بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە  "ئێمە وەك ئینستتیوتی پەی هەر ئەوەندەمان وتووە كە سەرۆكی پەرلەمان دەیلێ، بەڵام بەڕێزیان كە دكتۆرایان لە یاسادا هەیە، لە بری ئەوەی ئەو پسپۆری وشارەزاییەیان لەپێناو بەرگری كردن بێت لە یاسا، كەچی هەوڵی ئەوە دەدا یاسا بشێوێنێ‌ بۆ ئەوەی راستیەكانیان لە خەڵكی ون بكات".

هەر لەم بارەیەوە ڕێواز فایەق سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمان لە  وەڵامی لێدوانێكی ئینستتیوتی پەی دەڵێت:"وەك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، جگە لە نووسراوی ڕاسپاردنی پارێزەران بۆ نوێنەرایەتیكردنی پەرلەمان لەبەردەم دادگاكە‌ هیچ نووسراوێكم ئاراستەی‌ دادگای‌ فیدڕاڵی‌ نەكردووە، چونكە داواكان لە سەر پەرلەمان بوون نەك لەسەر كەسی سەرۆكی‌ پەرلەمان، پارێزەرانیش وەڵامی هەر پرسیارێكیان لە چوارچێوەی كاری پیشەییاندا دابێتەوە، چ بە زارەكی و چ بە لائیحەی داوا، گوزارشت نیە لە ڕای كەسیی سەرۆكی پەرلەمان".


دەقی ڕاگەیاندراوەکە:


"بەڵێ سەرۆكی پەرلەمان لە تیانوسێكدا زانیاری نادروستی پێشكەش بە دادگا كردووە"
وەڵامێك بۆ رونكردنەوەكەی سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
لەوەڵامی لێدوانێكی ئینستتیوتی پەی، سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: "وەك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، جگە لە نووسراوی ڕاسپاردنی پارێزەران بۆ نوێنەرایەتیكردنی پەرلەمان لەبەردەم دادگاكە‌ هیچ نووسراوێكم ئاراستەی‌ دادگای‌ فیدڕاڵی‌ نەكردووە، چونكە داواكان لە سەر پەرلەمان بوون نەك لەسەر كەسی سەرۆكی‌ پەرلەمان، پارێزەرانیش وەڵامی هەر پرسیارێكیان لە چوارچێوەی كاری پیشەییاندا دابێتەوە، چ بە زارەكی و چ بە لائیحەی داوا، گوزارشت نیە لە ڕای كەسیی سەرۆكی پەرلەمان".
ئێمەش وەك ئینستتیوتی پەی هەر ئەوەندەمان وتووە كە سەرۆكی پەرلەمان دەیلێ، بەڵام بەڕێزیان كە دكتۆرایان لە یاسادا هەیە، لە بری ئەوەی ئەو پسپۆری وشارەزاییەیان لەپێناو بەرگری كردن بێت لە یاسا، كەچی هەوڵی ئەوە دەدا یاسا بشێوێنێ‌ بۆ ئەوەی راستیەكانیان لە خەڵكی ون بكات. بێگومان كاتێك سكاڵا لەسەر پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە، داواكە كەسی نەبووە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرێزیان سەرۆكی ئەو دامەزراوەیە بوونەو نوێنەرایەتیان كردووە، بۆیە سكاڵاكە لەسەر بەرێزیان بووە سەرباری پیشەكەیان. 
هەروەك رونە سەرۆكی هەر دامەزراوەیەكیش كە داوای یاسایی لەسەر تۆماربكرێت، زۆرینەی كات خۆیان لەبەردەم دادگادا ئامادە نابن و بریكار (وكیل) و رێپێدراو وەك نوێنەر دەنێرن. لەم پێناوەشدا بەرێزیان بە نوسراوی فەرمی ژمارە (4/5/3929) لە (14/12/2022) سێ نوێنەریان وەك بریكار (وكیل) بەناوەكانی (د.وەعدی سلێمان مزوری، وریا سەعدی، شەرمین خدر بەهجەت) بۆ دادگەی باڵای فیدرالی دەستنیشان كردووە، تا لەبەردەم دادگا ئامادەبن بەهۆی ئەو سكالایانەی بە ژمارە (233/اتحادیە/2022) و (239/اتحادیە/2022) و (248/اتحادیە/2022) و (253/اتحادیە/2022) لەسەریان تۆمار كراوەو لەبری سەرۆكی پەرلەمان رەخنەو تانەو بەرگری خۆیان پێشكەش بكەن. 
هەر بۆیە پارێزەران و بریكارانی سەرۆكی پەرلەمان لەبەردەم دادگادا وەڵامی هەر پرسیارێكیان دابێتەوە، یا هەر تیانوس (لائحە)یەكیان پێشكەش كردبێت، گوزارشتیان لە ڕای سەرۆكی پەرلەمان كردووە وێرای پیشەكەی. چونكە بەپێی یاسا بریكار هەمان رۆلی رەسەن دەبینێ‌ (الوكیل كالاصیل) تا ئەو كاتەی لەلایەن كەسی بریكاردەر (موكل)ەوە دەسەڵاتیان لێ وەردەگیرێتەوە، خۆ سكاڵا لە دژی بریكارەكان تۆمار نەكراوە تا وەڵام و تیانوسەكانیان گوزارشت لە رای كەسی خۆیان بكات.
هەر بۆ بەرچاو روونی، لە دانیشتنی رۆژی (18/12/2022) بریكارەكانی پەرلەمانی كوردستان داوای كاتیان كردووە بۆ وەڵامدانەوەی داواكان، ئەوەبوو دوای ئەوەی گەڕاونەتەوە پەرلەمان و پرسوڕایان بە سەرۆكی پەرلەمان كردووە، بە ئاگاداری بەڕێزیان لە رۆژی (22/1/2023) تیانوس (لائحە)یەكی (9) لاپەڕەییان وەك وەڵامی سكاڵاكاران پێشكەش بە داگا كردووە كە لە رۆژی (30/1/2023) بە ژمارە (205) لەداگای باڵا بەفەرمی وارد كراوە، لە خاڵی (8)ی تیانوسەكەدا لە وەڵامی (د.یوسف محەمەد سادق)دا هاتووە: "سەبارەت بە وتەی داواكار بە داخستنی پەرلەمانی هەرێم بۆ ماوەی دوو ساڵ لە لایەن سەرۆك مەسعود بارزانیەوە، تەنها وەكو تاوانێكە كە داواكار بەبێ هیچ زۆرلێكردنێك ئەنجامی داوە، ئەگەر نا دەیتوانی بەڵگەیەك لەسەر راستی و دروستی ئەم تۆمەتە ناڕەوایەی پێشكەش بكات، وە پێدەچێت بەم درۆیە داواكار ویستبێتی چاوپۆشی لە بێتوانایی خۆی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەی پەرلەمان بكات، كە نەیتوانی لەبەر ئاست نزمی و سەختی لەخۆگرتن و ئیدارەی ململانێی فراكسیۆنە سیاسی و ئاراستە جیاوازەكانی ناو پەرلەمان بدات، هەر ئەوەش بووە هۆی دروستكردنی قەیرانێكی سیاسی لەناوەوەو دەرەوەی پەرلەمان. ئەمەش وای لە داواكار كرد پەرلەمان بەجێ بهێلێت و لە ماڵەكەی خۆی لە شاری سلێمانی نیشتەجێ ببێت. بەم جۆرەش ئەستەمە بەهۆی ئامادەنەبوونی بەردوامی سەرۆكی پەرلەمانەوە، كاروبارەكانی پەرلەمان بۆ ماوەیەكی زۆر بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە، هەر بۆیەش بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان جێگرەكەی شوێنی گرتەوەو پەرلەمان لەئەنجامدانی كارەكانیدا بەردەوام بوو".
ئاخۆ لەمە روونتر ئەبێ چی بێت؟ ئایا چەندی ئەو زانیاریانە راستن كە بریكارەكان بەناوی سەرۆكی پەرلەمانەوە بە دادگایان داوە؟ لەبەر چی دەبێت سەرۆكی پەرلەمان بەم شێوەیە زانیاری ناڕاست پێشكەش بە دادگا بكات؟ ئایا ئەم هەڵوێستەی لەگەڵ ئەو سوێندانەیدا وێك دێتەوە كە لەپەرلەماندا خواردوونی!؟ ئەگەر بەڕێزیان بێئاگایی خۆیان لەم تیانوسە دەردەبڕن، ئەوا لەگەل زانیارییەكان و لۆژیك و یاساو كاری پەرلەمانی و دامەزراوەییدا وێك نایەتەوە. چونكە بێئاگابوون لێی نەنگییە، چۆن دەبێت سەرۆكی دامەزراوەیەكی گرنگی وەك پەرلەمان، دكتۆرای لە یاسادا هەبێت، لە پرسێكی وا هەستیاری نێوان هەرێم و بەغدا، لەسەر دامەزراوەیەكی وا چارەنوسساز، نوێنەرەكانیان (گوایە بۆخۆیان ئەم قسانەیان كردووە)، ئاگاداری لائیحەیەكی نۆ لاپەڕەیی گرنگی لەم جۆرە نەبێت كە یەكەم لائیحەیان بوو لەسەرەتای پرۆسەی دادگایی كردنەكەدا پێشكەشی دادگایان كردبێت؟ ئەی ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان ئاگادار نەبووە، دواتر كە پێی زانی لێپێچینەوەی لەگەڵ بریكارەكاندا كرد؟ داوای چاوپۆشی لەو لائیحەیە كرد كە پێشكەش بە دادگا كراوە؟ بریكارنامەكەی لێوەرگرتنەوە؟ نەخێر، چونكە كاتێك ئەم یاداشتە پێشكەشكراوە سەرەتاكانی پرۆسەی دادگاكە بوو، چوار مانگ دواتر و لە كۆتایی مانگی پێنجدا پرۆسەی دادگاییەكە كۆتایی هات. نوێنەرەكانیش بەردەوام بوون، كەواتە سەرۆكی پەرلەمان ئاگاداری ئەم لائیحەیە بووە، بۆیەش رێگەی پێداون بەردەوام بن.  
لە كۆتاییدا دەلێین، ئەوەی ئێمە لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی رۆژی (2/7/2023) باسمان كرد سەبارەت بەو خاڵە، تەنها دلۆپێكە لە دەریایەك لەكاری نایاسایی و پێشێلكارییەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان كە لەماوەی چوار ساڵی خولەكەیاندا كردوویانە، خۆ ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان لە دوای ئەو رونكردنەوەی ئێمە جارێكی كە ئینكاری لە نەبوونی ئەم لائیحەیە بكات، ئەو كاتە وەڵامی ترمان بۆی دەبێت.
هەر بۆیە جارێكی تر رای گشتی ئاگادار دەكەینەوە، كە وێنەی تیانوس (لائحە)ەكە لای ئێمە پارێزراوە، بەڵام لەبەر پرسی پاراستنی دۆكیۆمێنتەكانی دادگاو ئەو بەڵێنەی داومانە بڵاومان نەكردۆتەوە، خۆ ئەگەر سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمان هەر سور بێت لەسەر رەت كردنەوەی، ئەو كاتە ناچار دەبین لەپێناو متمانەی خۆمان، تیانوسەكە بڵاو بكەینەوەو ئۆباڵەكەیشی بخەینە ئەستۆی بەڕێزیان، ئەگەر بەڕێزیشیان پێیان وایە زانیاریەکانمان راست نین و ناومان زڕاندوون، دەتوانن لە دادگا سکاڵامان لەسەر تۆمار بکەن.
لەگەڵ رێزماندا



 





PM:03:13:04/07/2023