ئێران هۆکاری راگرتنی هەناردەی غاز بۆ عێراق ئاشکرا دەکات

محەمەد ڕەزا جۆلائی بەڕێوەبەری تۆڕی دابەشکردن لە کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران، هۆکاری دابەزینی ڕێژەی هەناردەکردنی غازی وڵاتەکەی بۆ عێراق بۆ دروستبونی کێشەی تەکنیکی گەڕاندەوە.

ئەمرۆ سێ شەممە ١١ی تەموزی ٢٠٢٣ محەمەد ڕەزا جۆلائی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، "لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە تۆڕی غازدا تێکچونێک رویدا ، کە بوەتە هۆی کەمبونەوەی هەناردەکردن بۆ عێراق بە ڕێژەی ٥-١٠ ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا".

وتیشی، "هەناردەکردنی غاز بۆ عێراق بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت، بەڵام بەهۆی گەرمای توندی ناوچەکانی باشور و باشوری ڕۆژئاوای وڵات، ئامێرەکان لە کەرتی بەرهەمهێنان و گواستنەوەدا پەکیانکەوتوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تۆڕی گواستنەوەی غاز بۆ عێراق دروستکرد".

باسی لەوەشکردوە، تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی غاز بۆ عێراق لە مانگی ڕابردودا  ٣٠ ملیۆن مەتر سێجا بوە و ئەم ڕێژەیەش لە ماوەی ئەم مانگەدا گەیشتوەتە ٢١ ملیۆن مەتر سێجا.

بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی غازی ئێرانەوە، بەشێک لە وێستگەکانی کارەبای عێراق لەکارکەوتون و بەوهۆیەوە قەیرانی کارەبا سەریهەڵداوە، درەنگانی شەوی رابردوش، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی وەزارەتەکانی کارەبا و نەوت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد و رایسپاردن، هەنگاوەکان خێراتر بکەن بۆ هاوردەکردنی غاز لە تورکمانستان و قەتەرەوە.


PM:03:45:11/07/2023