ئێران وادەی ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆسەر حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات دیاریکرد

سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێران رایگەیاند، "تا مانگی ئەیلول مۆڵەت دەدەنە حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات لە هەرێم لە چەک دابماڵێت و ئەگەر عێراق ئەو کارە نەکات دەستدەکەینەوە بە هێرشەکانمان".

ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی تەموزی ٢٠٢٣، محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێران لە کۆنفرانسی ساڵانەی فەرماندەکانی هێزی زەمینی سوپای پاسداران لە شاری مەشهەدڕایگەیاند "ئاماژەی بەوەکرد، هەندێ لە وڵاتانی دراوسێی ئێران بەپێی رێککەوتنی نیوانیان لەگەڵ ئێران ماماڵە لەگەڵ پاراستنی سنورەکان ناکەن".

ئەوەشی خستەڕوو، حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات لە هەرێم بوون بە هەڕەشە بۆسەر سنوورەکانی ئێران و کۆتامۆڵەتی عێراق بۆ لەچەک داماڵینی ئەو گروپانە مانگی ئەیلولە.

دەشڵێت، "تا مانگی ئەیلول چاوەڕێدەکەین کە حکومەتی عێراق پابەند بێت بە بەڵێنەکانی و هیوادارین حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی بەڵێنەکانی هەڵبگرێت و جێبەجێیان بکات."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر عێراق لەو مۆڵەتەدا بەڵێنەکانی جێبنەجێنەکات دەست بە هێرشە ئاسمانییەکانیان دەکەنەوە و هێرشەکانیش چڕتر دەکەنەوە.

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە ماوەی رابردوودا چەندان جار سوپای پاسدارانی ئێران بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی لە قەزای کۆیە و سنووری ماوەت لە هەرێم بۆردوومانکردووە.


PM:04:41:11/07/2023