زانیاری نوێ سەبارەت بە رەوتە سیاسییە نوێیەكەی ئەدهەم بارزانی


ئەدهەم بارزانی، سەركردەی پیشووی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئامۆزای مەسعود بارزانی، سەرۆكی ئەو حیزبە رەوتێكی سیاسی نوێی دامەزراندووە، بەڵام هێشتا بڕیاریان نەداوە بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو دەكەن یان نا.

وریا سەعید ڕەواندزی، وتەبێژی ئەو ڕەوتە سیاسییەی كە ئەدهەم بارزانی بەنیازە دایمەزرینێت بە (دەنگی ئەمریكا)ی ڕاگەیاندوە "بارەگامان لە زۆر شوێن دەبێت بە ناوچەی بادینانیشەوە، بەڵام چەقی قورسایی سیاسیمان سلێمانی و كەركوك دەبێت، گفتوگۆمان لەبارەی هەڵبژاردنەوە كردوە كە ئایا بەشدار بین یاخود نا، بەڵام تا ئێستا بڕیارمان نەداوە، چونكە دەبێت قەبارەی خۆمان بزانین، هەروەها ئایا دەتوانین داخوازی خەڵك لە ڕەوتە سیاسیەكەمان جێبەجێ بكەین؟ بۆیە تا ئێستا بڕیاری كۆتاییمان نەداوە لەسەر ئەو بابەتە و لە كۆبونەوەكانی داهاتوو بڕیاری لەسەر دەدەین".

(هێڵی سێیەم) ناوی رەوتە سیاسییەكەی ئەدهەم بارزانییە و وریا سەعید دەڵێت "ئامانجمان لە هێڵی سێیەم ئەوەیە ئێمە نە بەشێكین لەو حزب و ڕێكخراوانەی كە ئێستا دەسەڵاتیان هەیە لە هەرێمی كورستان، نە بەشێكین لەو معارەزەیەی هەیە، پڕۆژەیەكی سیاسیمان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسی و ئابوری كۆمەڵایەتیانەی بەرۆكی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان گرتوە لە ئەنجامی سیاسەتی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان و سیاسەتی ڕابردوی كە نەیانتوانیوە ژیانێكی شایستە بۆ خەڵكی كوردستان دابین بكەن".

ناوبراو وتویەتی "دژایەتیمان لەگەڵ هیچ لایەنێكی سیاسی نییە و سیاسەت بە ڕق و كینەش ناكرێت، بەرنامەیەكی سیاسیمان هەیە، لەسەر ئەو بنەمایەش توانیومانە كۆمەڵێك خەڵكی سیاسی و ڕۆشنبیر لە ناوە و دەرەوە لە دەوری بەرنامەكەمان كۆ بكەینەوە".



AM:11:08:14/07/2023