"ئاگر و تەقینەوەكەی ماڵی حاجی مەزهەر كرایە بزنسی گەورە"


عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئاگرو تەقینەوەكەی ماڵی حاجی مەزهەریشیان كردوە بە بزنسی گەورە! و بەناوی كۆمپانیاوە پارەیەكی زۆر وەریدەگیرێت".

عەلی حەمەساڵح لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "نزیكەی (٣٠ كۆمپانیا) مۆڵەتی دانانی سیستمی غازو چێككردنەوەیان هەیە لە سلێمانی، بە یاسا بەرپرسن لە هەر گرفتێك و سێ مانگ جارێك چێك دەكەنەوە".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "دوای تەقینەوەكەی ماڵی حاجی مەزهەر! كۆمپانیایەكیان داناوە بەناوی (فایناڵ چێك) سەدان ملیۆن لە خەڵكی سلێمانی وەردەگرێت". 

بەوتەی ناوبراو "پارە پەیداكردنەكە بەم شێوەیە، دوكانێكت هەیە، بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەت دەچیتە بەرگری شارستانی، ئەوان دەڵێن: دەبێت بچیتە گەشەپێدانی پیشەسازی لە كارگەی جگەرەكە.. ئەوانیش دەڵێن: دەبێت نوسراوێكت بۆ بكەین بۆ كۆمپانیای (فایناڵ چێك)، ئەویش (٧٠٠ هەزارت) لێدەسێنێ! دەڵێ: من چێك دەكەم ئەگەر گرفتت هەبێت پێت دەڵێم!".
 
عەلی حەمەساڵح وتویەتی "ئەگەر ماڵێك سیستمی غاز( شۆفاش) دابنێ. دەبێت بەناوی سەیركردن و چێككردنەوە نزیكەی ملیۆنێك بداتە چێككردنەوە!، بەنیازن ئەمەی ماڵانیش بكەنە چێكی ساڵانە!!".

ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو دەڵێت "لەكاتێكدا ئەو كۆمپانیایانەی سیستمەكە دادەنێن.. خۆیان بەمۆڵەتەكەیان بەرپرسن لە دانان و چێككردنەوە دەكەن… بەرپرسیاریەتی یاساییان لە ئەستۆیەو ئەمەی تەنیا لە سلێمانی هەیە  پارە كۆكردنەوەیە!".

مانگی 11ی ساڵی رابردوو بەهۆی كێشە لە سیستەمی غازی شۆڤاژ لە ماڵی حاجی مەزهەر، 14 ئەندامی خێزانەكەیان گیانیان لەدەستدا.




PM:04:22:17/07/2023