شاسوار عەبدولواحید دژی دواکەوتنی مووچە داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێم دەکات

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بانگەوازێکدا داوا دەکات هەفتەی داهاتوو لە سەرتاسەری هەرێم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەڕێوەبچێت. 

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمشەو چوارشەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە بۆ ماڵپەڕی (سپی میدیا) نێردراوە رایگەیاند" ماوەیەکی زۆرە مووچە دابەشناکرێت، ئەسڵی بابەتەکە ئەوەیە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە تایبەتی پارتی و دواتریش یەکێتی دەیانەوێت بڵێن رێککەوتنمان لەگەڵ بەغدا بوەتە هۆی ئەوەی کە موچە نەیەت، چونکە دەیانەوێت وەکو جاران نەوت بفرۆشن لە نەوت فرۆشتندا دزییەکی زۆر بکەن، ئەگەرنا تەنها مانگی رابردوو نزیکەی ٣٠٠ ملیار دینار زیادە لە داهاتی ناوخۆ هەبووە کە بەکارنەهێنراوە بۆ مووچە، چونکە پارە لە بەغداوە هاتووە، خۆیان دەتوانن موچە بدەن". 

وتیشی" بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت تەنها لەمساڵدا بە بەهای دوو ملیار دۆلار نەوت فرۆشراوە کە پارەکە بە چەند مانگێک دێت و ئەو پارانە مانگانە دێت نەک لەکاتی خۆیدا وەریبگرن، دەبوایە ١ی ٧ بچونایە بۆ بەغدا بۆ پاکتاوی کۆتایی، بەڵام ١٦ی ٧چون بۆ بەغدا بۆ ئەوەی پڕۆسەکە دوابخەن". 

شاسوار عەبدولواحید لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا داوا لە هاوڵاتیان دەکات هەفتەی ئایندە خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجامبدەن و پێکەوە  دەستبخەبخەنە ناو دەستی یەک و لە هەولێر و سلێمانی و تەواوی شارەکانی دیکە خۆپیشاندان ئەنجامبدەن. 

لە ئێستادا لە کۆتاییەکانی مانگی تەمووزداین، بەڵام تا ئێستا دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران نەكراوە و حكومەتی عێراقیش مووچەكەی نەناردووە.


PM:08:47:19/07/2023