"جارێكی دیكە لە بەرگی یاسادا دەسەڵات پەنای بردەوە بەر سزادانی ئازادیخوازان"

(١٢) ئەندام پەرلەمانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی سزای چوار ساڵ زیندانی دیکە بۆ شێروان شێروانی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنن" جارێكی دیكە لە بەرگی یاسادا، دەسەڵات پەنای بردەوە بەر سزادانی ئازادیخوازان". 

لە بەیاننامەیەکدا بۆ رای گشتی (١٢) ئەندام پەرلەمانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رایانگەیاند" بەداخەوە، جارێكی تر و لە بەرگی یاسادا، دەسەڵات پەنای بردەوەبەر سزادانی ئازادیخوازان‌ و هەر لە زینداندا چوار ساڵی تر سزای زیندانیكردنی بەسەر شێروان شێروانی، ڕۆژنامەنووس‌ و چالاكوانی بادیناندا، سەپاند". 

دەشڵێن" پێویستە دەسەڵات‌ و لایەنەكانی دەسەڵات لەو ڕاستیە تێبگەن كە خەڵكی كوردستان چۆك بۆ ستەم‌و چەوسانەوە دانادات‌و لەبەردەم گەندەڵی‌ و ناعەدالەتی‌ و شكستی حكومڕانیدا بێدەنگ نابێت، هەربۆیە لەبری بیركردنەوە لەبێدەنگكردن‌و گرتن‌و سزادانی ڕۆژنامەنوس‌ و چالاكوان‌و ئازادیخوازان، پێویستە بیر لەگۆڕانكاریی ڕیشەیی لەشێوازی حكومڕانی بكەنەوە كە بۆتە هۆی لاوازكردنی هەرێم‌و دواخستنی هەڵبژاردن‌ و شێواندنی ناوبانگی هەرێم لەناوخۆو دەرەوەو بێ متمانەبونی دامەزراوەكان".

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا داواش لە دادگای پێداچونەوە دەکەن كە سزای شێروان شێروانی هەڵبوەشێنێتەوە و لەم دۆسیەدا دادگەری بەدیبهێنێت. 

ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو دادگای هەولێر لەسەر دوو تۆمەت سزای چوار ساڵ زیندانی دیكەی بەسەر شێروان شێروانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بادیناندا سەپاند. 

ناوەكان:

- عەلی حەمەساڵح.
- عومەر گوڵپی.

- دابان موحەممەد.

- د.شێركۆ جەودەت.

- شیرین ئەمین.

- ئەبوبەكر هەڵەدنی.

- دیاری ئەنوەر.

- سەرچنار ئەحمەد موحەممەد.

- هەڵز ئەحمەد.

- د.شایان عەسكەریی.

- د.ئیسماعیل سگیریی.

- ئاشنا عەبدوڵڵا.

ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان


PM:12:16:22/07/2023