نرخی بەنزین بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، كە لەدوای دەرچوونی ڕێنماییەكانی جێبەجێ‌ كردنی یاسای بودجەی عێراق، بەنزین دەبێت بە ٤٥٠ دینار و پەرلەمانتارێكی كوردیش لە بەغدا دەڵێت: "داواكارییەكییان داوە بە حكومەتی فیدراڵی بۆ پاڵپشتیكردنی سووتەمەنی هەرێم و هاوتاكردنەوەی نرخەكەی لەگەڵ شارەكانی عێراق".

ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی تەموزی ٢٠٢٣، ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، "دوای دەركردنی ڕێنماییەكانی تایبەت بە یاسای بودجە بە دڵنیاییەوە هاوشێوەی پارێزگاكانی عیراق بەنزین بە ٤٥٠ دینار بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش دابین دەكرێت".

وتیشی، "لەگەڵ ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا كۆبوونەوەیان كردووە و ئاماژەیان بەوەكرد، چاوەڕوانی دابەزاندنی رێنماییەكانی تاییەت بە یاسای بودجە دەكەن و بەدواداچوونی جددی لەبارەی ئەوەوە دەكەن، كە هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق بەنزین بەنرخی پاڵپشتیكراو بۆ هەرێمی كوردستان داببین دەكرێت، بەوپێیەی هەرێم نەوتەكەی ڕادەستی بەغدا دەكات".

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێك لە نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ پاڵاوگەكانی عیراق دەبێت و بەرهەمی ناوخۆی پێ دابین دەكرێت، بەوەش نرخی بەنزین لە هەرێم هاوشێوەی عیراق دەبێت.

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، پێویستە حكومەتی عێراق پاڵپشتی سووتەمەنی بۆ هەرێمی كوردستان بكات، تاوەكو نرخەكەی هاوتای پارێزگاكانی عێراق ببێتەوە.

وتوشیەتی، "داواكارییەكیان داوە بە حكومەتی فیدڕاڵی بۆ پاڵپشتیكردنی سووتەمەنی هەرێم و هاوتاكردنەوەی نرخەكەی لەگەڵ شارەكانی عێراق”.


PM:10:26:22/07/2023