داوای دەستبەجێ ئازادكردنی بێ مەرج بۆ شێروان شێروانی دەكرێت


ژمارەیەك رۆژنامەنووس و دەزگای راگەیاندن داوای ئازادكردنی بێ مەرج و دەستبەجێ بۆ رۆژنامەنووس و چالاكوان شێروان شێروانی دەكەن.

ئەو رۆژنامەنووس و دەزگایان لە راگەیەنراوێكدا رایانگەیاندووە "ڕۆژی ٢٠ـی تەمموزی ٢٠٢٣، دادگای هەولێر، ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بە چوار ساڵی تر زیندانی سزادا، لە كاتێكدا دەبوو ٩ـی ئەیلول ئازادبكرایە".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "پرسیاری ئێمەی ڕۆژنامەنووسان ئەوەیە ئەم سزایە لە پای چی؟، دادگای هەلێر بە تۆمەتی"گزی"  كە لە بری "گوهدار زێباری” پەنجەمۆری كردووە، لە كاتێكدا، هەر چوار زیندانییەكەی تری بادینان هێندرانە پێش دادوەر و شایەتییاندا كە هەموویان شێروان-یان، سەرپشك كردووە، لە بری ئەوان واژۆ بكات، تەنانەت (گوهدار زێباری)ـش لەبەردەم دادوەر جەختیكردەوە، كە خۆی شیروانی سەرپشك كردووە، ئەم كولتوورەش لە ناو زیندانەكانی چاكسازییدا ئاساییە و ڕێگەپێدراوە، جگە لەمانەش هیچ كەس سكاڵای لەسەر شێروان شێروانی نەبووە".

هەروەها وتویانە "بۆیە ئێمە وەكوو ڕۆژنامەنووسان، ئەم ستەمەی كە بەناوی یاسا و دادگاوە بەرامبەر هاوڕێ و هاوپیشەمان، ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی كراوە، ڕەتدەكەینەوە و شەرمەزار و سەركۆنەی دەكەین، جەخت لە ماف و یاساكانی تایبەت بە ئازادیی ڕۆژنامەگەریی دەكەینەوە و نابێت ڕۆژنامەنووس بە نەفەسی ڕق و كینەی خێڵەكیی و تۆڵەی سیاسییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئازا و ئازادیی شێروان شێروانی و داوای دەستبەجێ ئازادكردنی (بەبێ مەرج) دەكەین".




AM:09:08:23/07/2023