لە بارەی هاوکاری قوتابیانەوە وەزارەتی پەروەردە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

وەزیری پەروەردەی عێراق دەڵێت" چاوەڕوانی ڕێنمایی بودجە دەکات بۆ جێبەجێ کردنی یاسای هاوکاری کردنی قوتابیان و خوێندکاران".

ئەمڕۆ یەک شەممە ئیبراهیم نامێس جبوری، وەزیری پەروەردەی عێراق لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند" سەرەتای مانگی ئابی داهاتوو، وەک وادەی دامەزراندنی خولی نوێی سەرپەرشتیارانی پەروەدەیی رادەگەیەنن".

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا گفتووگۆ لەسەر کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە دۆخی سیستمی پەروەردە لە عێراق کرا، کە گرنگترینیان پرسی تاقیکردنەوەکان و میکانیزمی دانانی پرسیاری تاقیکردنەوەکان و سەرکەوتنی پڕۆسەی تاقیکردنەوەکان بوو.

وەزیری پەروەردەی عێراق جەختیکردوەتەوە، وەزارەتەکەیان چاوەڕوانی ڕێنمایی تایبەت بە بودجە دەکات تاکو یاسای هاوکاری کردنی قوتابیان و خوێندکاران بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، ژمارەی خوێندکاران لە قوتابخانەکانی عێراق نزیکەی ١٠ ملیۆن خوێندکارە کە بەسەر ١٦ هەزار قوتابخانەدا دابەش کراون، کە هەر ناوەندێکی خوێندن وا داڕێژراوە لەنێوان ٢٠٠ بۆ ٦٠٠ قوتابی بگرێتەخۆ، کە ئەوەش لە هەندێک شوێن زۆر زیاتر لەو ژمارەیە لە ناو یەک بینای قوتابخانە دەخوێنن.
 



PM:08:54:23/07/2023